چوارچێوەی هەماهەنگی: دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت

چوارچێوەی هەماهەنگی، جەخت لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دەستووریی خۆیدا دەکاتەوە، لە بەیاننامەیەکیشدا دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، بەکارهێنانی زمانی تایفی بۆ قسەکردن و لێدوان، زیان بە ئاشتی کۆمەڵایەتی دەگەیەنێت.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی، چوارچێوەکە کۆبوونەوەی خولی خۆی لە نووسینگەی حەیدەر عەبادی ئەنجامدا، کە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە، لەگەڵ ئەو پێشهات و ئاڵنگاریانەی کە پێویستیان بە یەکخستنی هەوڵە نیشتمانییەکان و یەکڕیزی هەڵوێستەکان هەیە."
فەرمانگەکە ئاشکرای کردووە "بەشداربووان لەسەر دەرئەنجامەکانی لوتکەی نائاسایی عەرەبی و ئیسلامی کە لە دەوحە بەڕێوەچوو گفتوگۆیان کرد، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگی بەدواداچوونی حکوومەتی عێراق بۆ ئەو دەرئەنجامانە و کارکردن بۆ کارپێکردنیان لە ناوەندە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان، بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر فەڵەستین، هەروەها کۆکردنەوەی پشتیوانی مرۆیی و سیاسی بۆ فەڵەستین."
لە بەیاننامەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە، کۆبوونەوەکە تاوتوێی دۆسیەی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقی کرد، بەشداربووان جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دەستووریدا، لەگەڵ دابینکردنی کەشی گونجاو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و دڵنیابوون لە شەفافیەت و بێلایەنی، بە شێوەیەک کە متمانەی هاوڵاتییان بچەسپێنێت و ڕێڕەوی دیموکراسی بەهێزتر بکات.
چوارچێوەکە نیگەرانی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بە زیادبوون و هەڵکشانی زمانی تایفی لە هەندێک وتار و لێدواندا، هۆشداریشیدا لە مەترسییەکانی کاریگەرییەکانی ئەو زمانی قسەکردنە و لێدوانانە لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی، بۆیە لە بەیاننامەکەدا جەختی کردەوەتەوە کە پاراستنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی عێراق وەک کارێکی لەپێشینەی نیشتمانی دەمێنێتەوە. لەکتێکدا پێویستی بە بەرپرسیارێتی هاوبەشی هەموو هێزە سیاسییەکان، هەروەها ڕاگەیاندن و دامەزراوە ئایینییەکانەوە هەیە.