فەرەنسا 13 ئافرەت و منداڵی لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەڕاندەوە

فەرەنسا ئەمڕۆ سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025 ڕایگەیاند، 10 منداڵ و سێ ئافرەتیان لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گەڕاندووەتەوە، کە تەمنیان لە نێوان 18 بۆ 34 ساڵانە.

داواکاری گشتیی نیشتمانیی دژەتیرۆر لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: "دوو ئافرەتیان لەسەر داوای دادوەری لێکۆڵینەوە دەستبەسەرکراون."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئافرەتەکەی دیکە ئەمڕۆ لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە ئامادە دەبێت و ڕەنگە تاوانی بەسەردا ساغ بکرێتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، "منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی هاوکاری پەروەردەیی لە ژێر چاودێری داواکاری گشتی لە دادگای دادوەری ڤێرسای چاودێری وەردەگرن"، هەروەها چاودێر بۆ منداڵانی کەم تەمەنەکان دابین دەکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لەوبارەوە گوتی: فەرەنسا سوپاسی حکوومەتی سووریا و ئیدارەی خۆسەر لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات بۆ ئاسانکاریی ئەم پرۆسەیە.

فەرەنسا لە مانگی تەمموزی 2023ەوە، گەڕاندنەوەی خێزانە فەرەنسییەکانی لە سووریا ڕاگرت، هەروەها لە ساڵی 2019ەوە فەرەنسا ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەت و منداڵی لە سووریاوە گەڕاندۆتەوە بۆ وڵاتەکەی.

دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لە ساڵی 2022دا، فەرەنسای سەرکۆنە کرد کە نەیتوانیبوو خێزانە جیهادییە فەرەنسییەکان لە سووریا بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment