عەمار حەکیم سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات و داوا دەکات بکەرانی پەلکێشی دادگا بکرێن.
پێنجشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2025، عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی ڕایگەیاند، بەئامانجکردنی کێڵگەی کۆرمۆر لە سلێمانی سەرکۆنە دەکەم و دووپاتی دەکەمەوە کە ئەم جۆرە کارە تێکدەرانە ئەمنییەت و سەقامگیری وڵات بە ئامانج دەگرێت.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی داوا لە لایەنی بەرپرس دەکات بەدواداچوون بۆ ئەوانە بکەن کە لەم کارە تێوەگلاون و پەلکێشی دادگا بکرێن.
نزیکەی کاتژمێر 11:30 خولەکی شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 26ـی تشرینی دووەم)، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە پارێزگای سلێمانی.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کارەبا، هێرشەکە بە "درۆن" بووە، بەڵام کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، کێڵگەکە بە "مووشەک" کراوەتە ئامانج.
بە پێی هەردوو ڕاگەیەنراوەکەش، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بووەتە هۆی کەمبوونەوەی 80%ی بەرهەمهێنانی کارەبای گشتیی کوردستان.
