جووتیارانی کرماشان: باشترین تەماتە بە کەمترین نرخ دەفرۆشین
لە پارێزگای کرماشان باشترین جۆری تەماتە لەسەر ئاستی ئێران بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام جووتیاران کێشەی بەبازاڕکردنیان هەیە.
پارێزگای کرماشان، کە یەکێکە لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی تەماتە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمساڵ هەشت هەزار هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی بۆ بەرهەمهێنانی تەماتە تەرخانکردووە. پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ زیاتر لە 550 هەزار تۆن تەماتە بێت.
هەرچەندە جووتیارانی کرماشان باشترین جۆرەکانی تەماتە لە ئاستی ئێراندا بەرهەم دەهێنن، بەڵام کێشەی بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان هەیە. جووتیارانی گوندەکانی شاری داڵاهۆ، بەتایبەت لە گوندی بێیاخەوەنی قەزای داڵاهۆ کە بە ناوچەی گۆران ناسراوە و خەڵکەکەی سەر بە ئایینی یارسانن، نزیکەی مانگێکە خەریکی ڕنینەوەی تەماتەن لە کێڵگەکانیان. ئەوان دەڵێن ئەمساڵ بەرهەمیان باش بووە، بەڵام گرفتاری کێشەی بەبازاڕکردنن.
لە پارێزگای کرماشان سێ کارگەی گەورە هەن کە تەماتە لە جووتیاران دەکڕنەوە. ئەم سێ کارگەیە بەسەر یەکەوە ڕۆژانە لە نێوان 300 بۆ 400 تۆن تەماتە لە جووتیاران دەکڕن؛ بەڵام جووتیاران ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەوەی کە کارگەکان لە دیاریکردنی نرخەکاندا ناحەقییان بەرامبەر دەکەن و نرخی شایستە بە بەرهەمەکانیان نادەن.
ئەمساڵ لە کۆی زیاتر لە 550 هەزار تۆن تەماتەی بەرهەمهاتوو لە پارێزگای کرماشان، نیوەی دەدرێت بە کارگەکان و نیوەکەی دیکەش ڕەوانەی بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکرێت.