لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران دەروازەیەکی هاوچەرخ لە قوشتەپە دروست دەکرێت

لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی دەروازەی قوشتەپە جێبەجێ دەکرێت. بڕیارە پرۆژەکە لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگ تەواو بکرێت.
پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، بژار مەلا خدر، قایمقامی قەزای قوشتەپە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە وتارە مێژوویەکەیدا لە کاتی دانانی بەردی بناغەی ئاوی قوشتەپە، یەکێک لە ڕاسپاردەکانی پێداچوونەوە بوو بە ڕێگاوبانی سنوورەکە.
گوتیشی: دوای نۆ مانگ کارکردنمان لەسەر ڕاسپاردەکە، ئێستا جوانترین دەروازە لەسەر ئاستی عێراق جێبەجێ دەکرێت، ئەویش پرۆژەی پێداچوونەوەیە بەو پێنج کیلۆمەترەی دەکەوێتە سنووری شارەوانی قوشتەپە، کە ئەو دووسایدە ئێستا مەرجی سەلامەتی تێدا نییە، هیچ جوانکارییەکیشی تێدا نییە، هەروەها جێگەی نیگەرانی زۆری خەڵکی سنوورەکەش بووە.
بژار مەلا خدر، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواو بوونی ئەم پرۆژەیە کە ماوەی نۆ مانگە لەلایەن تیمی ئەندازیاریی خۆماڵی کاری لەسەر کراوە، دەروازەیەکی پێشکەوتوو و مۆدێرن دروست دەکرێت، بەمەش تەنیا سوود لە شەقامەکە وەرناگیرێت، بەڵکوو هاووڵاتیان سوود لەو پانتاییە سەوزاییەش وەردەگرن کە وەکوو نیمچە پارکێک دروست دەکرێت و سەرجەم مەرجەکانی سەلامەتی تێدایە.
ڕاشیگەیاند، ڕێگاکە لە سنووری شارەوانی قشتەپە دەست پێ دەکات تاوەکوو کۆتایی سنوورەکە، کە ئەمە قۆناغی یەکەمە و دەکەوێتە ئاوەدانی ناوچەکە، سەبارەت بە پێشانگا و کارگە پیشەسازییەکانی ناوچەکە، ئێستا ئێمە پلانێک ئامادە دەکەین کە شارێکی گەورەی پێشانگای ئۆتۆمبێلیان بۆ دروست بکەین و وەکوو بۆرسەیەک بێ کە خەڵک لە سەرجەم شارەکانی عێراق بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی سەردانی بکەن. بەڵام سەبارەت بە ناوچەی پیشەسازی کاتی پێویستە و لە داهاتوودا ئەمەش جێبەجێ دەکرێت.
قایمقامی قەزای قوشتەپە دەشڵێت: ئەوەی سەرۆک وەزیران لە 17-9-2024 باسی کرد، ئێمە پاکێج پاکێج کاری لەسەر دەکەین، ئەو ناوچەیە دەمێک بوو لە خمەتگوزاری بێبەش بوو بەڵام سەرۆک وەزیران پاڵپشتی خەڵکی ناوچەکە دەکات.