ئەردۆغان بووەتە "بێزاركەر" بۆ ئەمەریكا و عەلییڤ سەرەڕۆی بە دروێنەی گەردەلول دەكات

رووسیا دەستپێشخەر نابێت لە ئاراستەكردنی لێدانێكی سەربازی دژ بە توركیا

K24 – ھەولێر:

بەو ناوونیشانە، رۆژنامەی "ئۆراسیا دەیلی" گوتارێكی شرۆڤەكاری سیاسیی ئەمەریكایی، ئیدوار ستافۆرد بڵاوكردووەتەوە سەبارەت بە توانای ئەردۆغان لە پەیڕەوكردنی سیاسەتێك، كە ئەمەریكا، رووسیا و ئەوروپا بێزار دەكات.

لە گوتارەكەدا ھاتووە، دەستپێكردنەوەی ململانێی چەكداری لە نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە پێناو ناگۆرنی قەره‌باخ، ئەمەریكا و توركیا دەخاتە بەردەم ھاودژی لەو ململانێیەدا.

وێڕای داواكانی لۆبی ئەرمەنی كاریگەر لە ئەمەریكا، بەڵام كۆشكی سپی خۆی بەدوور دەخات لەوەی لایەنگیری ئەرمینیا بكات. لە جیاتی ئەوە، چووە ریزی رووسیا و فەرەنسا، كە دوو بەشداری سەرەكیی دیكەن لە كۆمەڵەی مینسكی سەر بە "رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا"ن، كە كار لە سەر چارەسەركردنی كێشەی قەره‌باخ دەكەن بە رازیكردنی ھەردوولایەنی شەڕكەر بۆ دەستكردن بە دانووستان.

سەبارەت بە ئەمەریكا، رێبازی ئەردۆغان لە نانەوەی توندوتیژی لە قەرەباغ سەرچاوەی بێزاركردنێكی دیكەیە لەو پەیوەندییە ئاڵۆزه‌ پەرەسەندووه‌ لەگەڵ ھاوپەیمانە یاساییەكەیدا لە ناتۆدا، كە وەك ركابەر ئەگەر وەك دژ نەبێت رەفتار دەكات.

بەم شێوەیە ئەگەر ھەردوو لایەنی شەڕكەر رەتیانكردەوە پابەند بن بە ئاگربەست، ئەو كات پرسەكە پەیوەست دەبێت بە ھەڵوێستی رووسیا و توركیا. ئەوساش ئەمه‌ریكا و فەرەنسا رۆڵێكی مامناوەندییان دەبێت.

ھەروەھا لە گوتارەكەدا ھاتووە: "لەم كاتەدا، پێدەچێت ئەردۆغان بڵێت پشتیوانی لە ئاگربەست و دانوستان دەكەین، بەڵام ھاوكات بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی عەلییڤ، وێڕای رەفتارەكانی ئەمەی دوایی. لە میانی ئەوەدا، ئەردۆغان دوورەپەرێزی توركیا لە ھاوپەیمانانی لە ناتۆدا زیاد دەكات. ھاوتەریب لەگەڵ ئەوە، ئەردۆغان سەربەخۆیی خۆی لە بەرەی دەرەوە پێشانی لایەنگرانی خۆی لە ناوەوە دەدات. ئەو كارەش بەبێ ترس لە سه‌رئه‌‌نجامەكانی جێبەجێدەكات. رووسیا پێویستی بە بازاڕە بۆ فرۆشتنی نەوت و غازەكەی، بۆیە تا توركیا پارەكەی بدات ھەرگیز باسی راگرتنی ئەوانە ناكرێت".

ستافۆرد گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی "رووسیا دەستپێشخەر نابێت لە ئاراستەكردنی لێدانێكی سەربازی دژ بە توركیا، ھەروەھا رێگا  بە ئەرمینیاش نادات ئەو كارە بكات تاوەكو توركیا لە ناتۆدا مابێت".

سەرچاوە: روسیا الیوم