عێراق 47 داعشی فەرەنسی لە سووریا گەڕاندووەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات

هەواڵگری عێراق لێکۆڵینەوە لە 47 هاووڵاتی فەرەنسی دەکات کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'ەوە بەتۆمەتی پەیوەندییان بەداعش ڕادەستی عێراق کراون،  بەرپرسێکی ئەمنی عێراقیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی فەرەنسی ڕاگەیاند، "زیاتر لە مانگێکە عێراق ئەو 47 هاووڵاتیە فەرەنسیەی لە هەسەدە وەرگرتووە و لەژێر لێکۆڵینەوەدان."

ئەو بەرپرسە ئەمنیەی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە فرانس پرێسی گوت، ئەو 47 کەسە، بەشێک بوون لە شانەکانی داعش و لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە کاریان کردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەڵگەنامە و دانپێدانانیان لە عێراقییەکان وەرگرتووە کە لە سووریا دەستبەسەرکراون، هەروەها پشتڕاستیان کردووەتەوە کە ئەو فەرەنسیانە لە تاوانەکانی دژی عێراقییەکان تێوەگلاون، گوتیشی: "بەپێی یاسای عێراق دادگایی دەکرێن."

سەرچاوەیەکی نزیک لە حکوومەتی عێراق بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاندووە، "ئەو فەڕەنسیانە بەهۆی ئەنجامدانی تاوان دژی عێراقییەکان لەلایەن هەوڵگرییەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت."

دەزگای هەواڵگریی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەو تۆمەتبارانەی گواستراونەتەوە سەر ڕێکخراوی داعشن و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە داواکراون بەهۆی بەشداریکردنیان لە تاوانە تیرۆریستییەکان، کە هەموویان یان هەندێکیان لە ماوەی ساڵانی (2014-2017)دا لە ناوخۆی عێراقدا ڕوویانداوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، "هەندێک کەسی دیکە لە دەرەوەی عێراقەوە خەریکی چالاکییەک بوون کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەکەن."

هەواڵگریی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، "گواستنەوەی ئەو تۆمەتبارانە بۆ خاکی عێراق بەپێی فەرمانی دادوەری ئەنجامدراوە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن دەزگاکە لەژێر چاودێری دادوەریدا کراوە."

داواکاری گشتیی دژەتیرۆری فەڕەنسا ڕایگەیاند، "عێراق داوای لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کردووە، ئەو تۆمەتبارانەیان ڕادەستبکەن کە پێدەچێت تاوانیان لە عێراق ئەنجامدابێت."

ڕوونیشیکردەوە، "لەو چوارچێوەیەدا ئەو هاووڵاتییە فەرەنسییانەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر کرابوون بۆ عێراق گواستراونەتەوە."

 

 
Fly Erbil Advertisment