کەرکووکییەکان بە هیوان لە ژێر ئاڵای کوردستان جارێکی دیکە بگەڕێنەوە

رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر رێچکەی ژیانی خەڵکێکی زۆری لە کەرکووک گۆڕیوە

K24 – ھەولێر:

رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، رێچکەی ژیانی بەشێکی زۆری دانیشتوانی کەرکووکی گۆڕیوە، دوای ئاوارەبوونیان بۆ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا تاکە هیوایان گەڕانەوەیە بۆ کەرکووک لە ژێر ئاڵای کوردستان. خێزانێکی هونەرمەند یەکێکە لەو نموونانەی حەسرەتی گەڕانەوە دڵی داگرتوون. خێزانەکە بە هونەر ئازارەکانی دەڕەوێنێتەوە و هیوا بۆ داهاتووش دروستدەکات.

دوای ئەوەی گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی دەگەنە ناو شاری كەركووك، بە ھەزاران كوردی دانیشتووی ئەو شارە، ماڵ و حاڵی خۆیان جێدەھێڵن و ئاوارەی شارەكانی سلێمانی و ھەولێر دەبن، بنەماڵەیەكی ھونەرمەند یەك لەو خێزانانەن كە ماوەی 3 ساڵە لە ھەولێر دەژین، ئەوان بە گریانەوە رووداوی 16 ئۆكتۆبەر دەگێڕنەوە و بەدەم نەوای خوایە وەتەن ئاواكەی ئاواتە خوازن خەڵكی كەركووك خۆڕاگر بن و ئارامی بگەڕێتەوە شارەكەیان.

3 ساڵە لە خاك و شارەكەی دوورە بەڵام بە خوایە وەتەن ئاواكەی ئەلف وبێی نەتەوەیی و كوردی كچەكەی فێری موزیك دەكات، عەدنان كەمال ھونەرمەندێكی شاری كەركووكە و زیاتر لە 25 ساڵە كاری موزیك دەكات. ئەو كاتەی لە یاد ناچێ كە چۆن و بۆ كەركووك داگیركرا.

ئەگەر داگیركردنی كەركووك بۆ زۆربەی كوردان ناخۆش و بە كارەساتێكی گەورە ناونراوە؛ بۆ دانیشتوانی شارەكە زۆر جەرگبڕتر بووە، ئەوین وەك خاتونێكی ئەم شارە بە قوڵپی گریان و ھەنیسكەوە باسی دەكرد.

عەدنانی تەمەنی 50 ساڵە، لەگەڵ بنەماڵە بچوكەكەی ژیانی رۆژانەیان دوور خزم و كەسيان لە ھەولێر بەڕێدەكەن، جار جارە بە نەوایەكی موزیك و گۆرانی و بەستەیەك یادی شارەكەیان دەكەنەوە، داواكاریشە ھەموو ھونەرمەندان ھەڵوێستیان هەبێت و دەنگ ھەڵبڕن بۆ گەڕانەوەی كەركووك.

گەرچی بەشێك لە دەسەڵاتدارانی شاری كەركووك شەوی 16ی  ئۆكتۆبه‌ر دەیانگوت: شار ئارامە بەڵام بەرەبەیانی ئەو رۆژە بە ھۆی بەرگری نەكردن و رێگە خۆشكردن بۆ گروپە چەكدارەكان و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی؛ شار كەوتە دەستیان و بە ھەزاران خێزانی كورد ماڵی خۆیان بە جێھێشت و تا ێئستاش بەشێكی زۆریان نەگەڕاونەتەوە.