باوكی ئامانج بابانی: هەموو خەڵك دەزانن بابەتی خۆکوشتنی ئامانج دوورە لە راستییەوە بەڵام دەسەڵاتی هیچمان نییە

گومانیان هەیە

K24 سلێمانی:
ئەمڕۆ، 16ی ئۆكتۆبەری 2020، ساڵێك بەسەر كوژرانی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵە ساواكەیان تێپەڕی، كە لە رووداوێكی گوماناوی لەناو ئۆتۆمبێلەكەیان لە سلێمانی كوژران.
محەمەد نووری، باوكی ئامانج بابانی، لە یەكەم ساڵیادی كوژرانی كوڕ و بووك و نەوەكەی، باس لەوە دەكات، ئەوان هێشتا كەیسەكەیان دانەخستووە و دەڵێت: "ئامانج لە ژیانیدا چەکی نەبووە و بەکارینەهێناوە، هیچ كات ئاواتی نەبووە چەکی پێ بێت، هەموو دۆست و هاوڕێكانی و خەڵکیش دەزانن بابەتی خۆکوشتنی ئامانج دوورە لە ڕاستییەوە و ئەسڵ و ئەساسی نییە."
باوكی ئامانج بابانی دەشڵێت: "خوا خوامانە سەرەداوێكمان دەست بكەوێت، چونكە ئامانج لە ژیانیدا چەكی بەكارنەهێناوە".
باوكی ئەو رۆژنامەوانە كوژراوە، باس لەوە دەكات، ئەوان هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، جگە لە فاتیحایەك لەسەر گۆڕی كوڕەكەیان، ناتوانن هیچی دیكە بكەن.
ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵە ساواكەیان، ساڵێك بەر لە ئێستا و رۆژی 16ی ئۆكتۆبەری 2019، لە رووداوێكی تەمومژاوی كوژران، هەرچەندە وا راگەیەنرا كە رووداوەكە خۆكوژیی بووبێت، بەڵام گومانەكان لەسەر ئەو كەیسە تا دێت زیاتر دەبن.
ئەوەی گومانەكانی زیاتر كردووە، لێدوانی بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانەكانی هەرێمە، كە رۆژی 6ی شوبات/ فێبرایەری 2020 ئەنجامیدا و تێیدا گومانی خستە سەر لێكۆڵینەوەكان.
عەمید جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەکانی تاوانی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی رۆژی 6ی شوبات/ فێبرایەری 2020 رایگەیاند، پەلە کراوە لە راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و کچەکەیان.
راشیگەیاند، چوار قەوانی ناو سەیارەکە سەرچاوەکەی دیار نەکراوە و نازانرێت لە چ دەمانچەیەک تەقێنراوە، ئەمەش گومانی بۆ دۆسیەکە دروستکردووە. ئاماژەی بەوەشکرد، گومان دەكرێت رووداوەكە كوشتن بێت نەك خۆكوژیی.
بە گوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی پۆلیسی سلێمانی، سەرەتا 7 قەوانیان هێناوە، دواتریش 4 قەوانی دیكەیان رەوانە كردووە، كە گومان دەكرێت لە هەمان دەمانچەكەی ئامانجەوە تەقێنرابن.
 

 

Fly Erbil Advertisment