سەركردەكانی یەكێتی چی لە بارەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دەڵێن؟

کۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و شێخ جەعفەر کاردنەوەیان چی بوو؟

K24- هەولێر:

لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، پەنجەی تۆمەت بۆ ئەو لایەنانە راکێشرا کە بڕیاری کشانەوەیان لە کەرکووک دا و سنگەرەکانیان چۆڵکرد.
خەڵکی کوردستان و بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی، باڵێکی ناو یەکێتیان بۆ رێککەوتن لەگەڵ حەشدی شەعبی تۆمەتبار کرد؛ تەنانەت پلانی داگیرکردنی تەواوی کوردستانیان ئاشکرا کرد. کۆسرەت رەسووڵ، جێگری سکرتێری گشتی ئەو کاتی یەکێتی، لە دوای رووداوەکە رایگەیاند، ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە.
هاوكات نەجمەدین كەریم، پارێزگاری هەڵبژێردراوی كەركووك و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر رایگەیاند، خیانەتكردن لەلایەن ئەو تاقمەی خیانەتی 16ی ئۆكۆتبەریان ئەنجامدا زۆر ئاسانە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن گێڕ بگۆڕن و بكەونەوە خیانەت.
هەروەها مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی ئەو کاتی یەکێتی گوتی: "16ی ئۆكتۆبەر، كەتن ‌و كەوتنێكی چاوەڕواننەكراو، لە كەركووك ‌و سەراپای ناوچە كێشەلەسەرەكان، قەوما. بەدڵنیاییەوە، هۆكارو ئاسەوارەكەی، وەكو گەلێك كەوتن ‌و هەڵدێرانی تر لەمێژووی نوێماندا، لە ویژدانی نەتەوەكەمان‌ و دۆستانی دەمێنێتەوە".
مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەشکرد، "هەڵپەرست‌ و هەرزە ئەقڵەكانی ناو یەكێتی ‌و فەیسبوكبازەكانیش كە هەر خەریكی شێواندنی زهنیەتی خەڵكن، وەكو پێشینان وتویانە؛ دز بازاڕی شێواوی هەیە". ئەمانەش، لەناو هەموو رەوت‌ و جەمسەرەكاندا، زۆر نابەرپرسیارانە، لەرابردوودا بەگشتی‌ و لە دوو مانگی رابردوودا بەتایبەتی، دەستیان هەیە، لەم دۆخەی یەكێتی تێیكەوتووە. كە بەداخەوە بەشێك لەئامانجە گڵاوەكانیان هێناوەتەدی.
هەروەها شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70 لەبارەی خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر رایگەیاند، ئاڕاسته‌ و گروپێك له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌ن كه‌ هه‌ماهه‌نگ و رێكه‌وتنیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك چۆن كه‌ركووكیان ته‌سلیم كردن ئاواش ده‌یانه‌وێت سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆكیان ته‌سلیم بكه‌ن.
راشیگەیاند، ته‌نانه‌ت ئه‌و تووند و تیژییانه‌ی خۆپیشاندانه‌كان ئه‌و گرووپه‌ بوون نه‌ك خه‌ڵك چونكه‌ به‌وه‌ ویستیان بیانوو بده‌نه‌ ده‌ست سوپای عیراق و حه‌شدی شه‌عبی تا به‌ناوی پاراستنی ئاسایش و خه‌ڵكه‌وه‌ بێنه‌وه‌ سلێمانی و هه‌موو كوردستان.
سێ ساڵ بەسەر رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر تێپەڕدەبێت، تاوەکو ئێستا دۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی نەکراوەتەوە و هەوڵی دەرکردنی کوردیش لەسەر زەوی و ماڵ و موڵکیان بەردەوامە.