ئێران هۆشداری دەداتە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداری دەدات لە ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداریدا، تاران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی (IAEA) ڕادەگرێت، ئەگەر سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بسەپێنرێتەوە. ئەمەش دوای یەک ڕۆژ دێت لە پەسەندکردنی ئەو هەنگاوە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

لە بەیاننامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە، دەنگدانەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەلایەن فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیاوە دەستپێشخەری کراوە و بە شێوەیەکی کاریگەر سزا نێودەوڵەتییەکانی لە 28ـی ئەیلوولدا سەپاندووەتەوە، "زیانێکی زۆر بە هاوکاریی لەگەڵ دەزگاکەدا دەگەیەنێت." ئەنجوومەنەکە جەختی کردەوە، ئەگەر سزاکان دووبارە بسەپێنرێنەوە، "بە شێوەیەکی کاریگەر هاوکارییەکانیان ڕادەگیرێت."

مانگی ڕابردوو بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پرۆسەیەکی 30 ڕۆژەیان دەستپێکرد بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەو بیانووەی کە تاران پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان، کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە سەرۆکایەتی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، کۆبوونەوەیەکی بۆ تاوتوێکردنی گەمارۆکان بەڕێوەچوو. بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە کۆبوونەوەکەدا "باسی ئەو هەنگاوە خراپە کراوە کە سێ وڵاتی ئەورووپی سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران گرتوویانەتەبەر."

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: "سەرەڕای هاوکارییەکانی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و پێشکەشکردنی پێشنیازەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، کردەوەی وڵاتانی ئەورووپا بە شێوەیەکی کاریگەر هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکەدا وەستاندووە."

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها ئەرکی درێژەدان بە ڕاوێژکارییەکانی "لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی" لەم پێوەندییەدا پێ سپێردرا.

 
 
Fly Erbil Advertisment