ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بۆ زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لێدەدرێت. 146 هەزار مامۆستا و سەدان مامۆستای گرێبەست سەرپەرشتی پرۆسەی خوێندن دەکەن.
بۆ ئەمساڵی خوێندن (2025 - 2026)، زیاتر لە 22 ملیۆن کتێبی نوێ چاپ کراون و گۆڕانکاری لە پرۆگرامی خوێندنیشدا کراوە. هەروەها نزیکەی 30 قوتابخانە و سەدان پۆلی نوێ دروست کراون بۆ دابینکردنی شوێنی خوێندن.
لە لایەکی دیکەوە، هەشت ملیۆن و نیو لیتر نەوتی سپی بۆ قوتابخانەکان دابین کراوە. وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە گۆڕانکاری لە دیزاینی جلوبەرگی قوتابییان بۆ ساڵی داهاتوو بکات.
هاوکات، لە کەرکووکیش ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن بە بەشداری 600 هەزار قوتابی دەستپێدەکات، کە 100 هەزار قوتابییان لە خوێندنی کوردیدا دەخوێنن.