مەسرور بارزانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەیەکی زاخۆ لێ دەدات

مەسرور بارزانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەیەکی زاخۆ لێ دەدات
مەسرور بارزانی زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەیەکی زاخۆ لێ دەدات

 کاتژمێر 07:50 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ بە ئامادەبوونی د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لە قوتابخانەی (دم دم)ـی زاخۆ لێ دەدات.

 
 
 
 

 

 

د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، بۆ ئەمساڵی خوێندن (2025/2026)، لە کەرتی حکوومی، زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابی و لە کەرتی تایبەتیش، زیاتر لە 154 هەزار قوتابی دەخوێنن.

وەزیری پەروەردە باسی لەوەش کرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن نزیکەی 140 هەزار قوتابی پۆلی یەکی سەرەتایی زانیارییەکانیان تۆمارکراوە و پێشبینی دەکەن، ژمارەکەیان بگاتە 160 هەزار قوتابی.

د. ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە 148 هەزار مامۆستای دامەزرێنراو (میلاک) و گرێبەست و زیاتر لە 33 هەزار فەرمانبەر، پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن بەڕێوەدەبەن.

وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند، وەزارەتەکەیان بۆ ئەمساڵی خوێندن، 22 ملیۆن 134 هەزار و 74 کتێبی نوێی چاپ کردووە و بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشی کردوون. ئەوەشی خستەڕوو "بۆ گەرمکردنەوەی قوتابخانەکان، زیاتر لە 8.5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەردراوە و دابین دەکرێت."

نالان حه‌مه‌ سه‌عید، ئاماژەی بەوەدا، بۆ ساڵى نوێی خوێندن، 28 باڵەخانەی نوێ ئامادەن و تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 400 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە.  ڕوونیشی کردەوە: بەگشتی، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، 274 قوتابخانە دروستکراون کە هەندێکیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە، هەروەها توانیومانە لەم کابینەیە 110 هەزار شوێنی نوێ بۆ قوتابیان دابین بکەین. گوتیشی: سەبارەت بە کێشەی قەرەباڵغی، تەنیا لە 11 قوتابخانەدا سێ دەوامی خوێندن هەیە، و لە سلێمانیش دەوامی دووەمی قوتابخانەکان دەبێت.

Fly Erbil Advertisment