سەرۆکی حکوومەت زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێ دا

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لە قوتابخانەی (دمدم)ـی زاخۆ لێ دا.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئیداری، ئامادەی ڕێوڕەسمەکە بوون.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندووە، بۆ ئەمساڵی خوێندن (2025/2026)، لە کەرتی حکوومی، زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابی و لە کەرتی تایبەتیش، زیاتر لە 154 هەزار قوتابی دەخوێنن.
وەزیری پەروەردە باسی لەوەش کرد، بۆ ئەمساڵی خوێندن نزیکەی 140 هەزار قوتابی پۆلی یەکی سەرەتایی زانیارییەکانیان تۆمارکراوە و پێشبینی دەکەن، ژمارەکەیان بگاتە 160 هەزار قوتابی.
د. ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشدا، زیاتر لە 148 هەزار مامۆستای دامەزرێنراو (میلاک) و گرێبەست و زیاتر لە 33 هەزار فەرمانبەر، پڕۆسەی ئەمساڵی خوێندن بەڕێوەدەبەن.
وەزیری پەروەردە ڕاشیگەیاند، وەزارەتەکەیان بۆ ئەمساڵی خوێندن، 22 ملیۆن 134 هەزار و 74 کتێبی نوێی چاپ کردووە و بەسەر قوتابخانەکاندا دابەشی کردوون. ئەوەشی خستەڕوو "بۆ گەرمکردنەوەی قوتابخانەکان، زیاتر لە 8.5 ملیۆن لیتر نەوتی سپی لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەردراوە و دابین دەکرێت."
نالان حهمه سهعید، ئاماژەی بەوەدا، بۆ ساڵى نوێی خوێندن، 28 باڵەخانەی نوێ ئامادەن و تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 400 قوتابخانە نۆژەنکراونەتەوە. ڕوونیشی کردەوە: بەگشتی، لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا، 274 قوتابخانە دروستکراون کە هەندێکیان کارکردن تێیاندا بەردەوامە، هەروەها توانیومانە لەم کابینەیە 110 هەزار شوێنی نوێ بۆ قوتابیان دابین بکەین. گوتیشی: سەبارەت بە کێشەی قەرەباڵغی، تەنیا لە 11 قوتابخانەدا سێ دەوامی خوێندن هەیە، و لە سلێمانیش دەوامی دووەمی قوتابخانەکان دەبێت.