پێشەوا هەورامانی: مووچە دەنێردرێت

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئێمە بەهەموو شێوەیەک ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و مووچەش ئەبێت بنێردرێت.

یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەبێت مووچە بنێردرێت.

گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش هەفتەیەک نووسراوی فەرمی بۆ کۆمپانیای سۆمۆ کرد، کە نەوتەکەی ڕادەست دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە ئامادەین بۆ هەناردەکردنی نەوت بەڵام لەو بڕەی هەناردە دەکرێت 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکارهێنانەوەی ناوخۆ دەگێڕینەوە ئەوەیتر هەناردە دەکرێت.

شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی نەوت بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوت: لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە بارەی ڕێککەوتنی نێوانیان دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە ئەگەرێکی زۆر ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتنی سێقۆڵی لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت دەکرێت، چونکە دەبێت بەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو ڕێککەوتنە واژۆ کرابێت و ئەنجوومەنی دەوڵەتیش وەڵامی خۆی تایبەت بە پرسی داهاتی نانەوتی دابێتەوە.

هەروەها وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی خۆی بە ئەرێنی بۆ نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئامادە کردووە، کە سێشەممەی ڕابردوو ئاراستەی وەزارەتەکە کرابوو، بۆ ئەوەی بدرێتە لیژنەیەکی ڕاوێژکاری سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکان.

گوتیشی: وەزارەتی نەوتی عێراق ڕەزامەندی لەسەر واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکان پیشان داوە، بۆ ئەوەی بچنە واری جێبەجێ کردنەوە؛ بەمەش هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لەسەر کات و واژۆ کردنی ئەو گرێبەستانە ماوە.

ڕوونیشی کردەوە، کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ڕازیبوونە؛ بەشێوەیەک لە 233 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراو، 150 هەزار بەرمیل ئەو کۆمپانیایانە بەرهەمی دەهێنن و 50 هەزار بەرمیلیش بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاردەهێنرێت، هەروەها ئەگەر ڕێککەوتنەکە بکرێت نزیکەی 100 هەزار بەرمیل دەدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment