مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە یادی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دان بە راستییەكەدا دەنێت

پێشتر راگەیەندراوێکی بڵاوکردبووەوە

K24 - هەولێر:
مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لە سێیەمی ساڵیادی 16ی ئۆكتۆبەر، كە تێیدا لە رێككەوتنێكی ژێر بەژێر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان رادەستكران، راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە بڕیاری كشانەوەیان داوە لە كەركووك و نەیانویستووە رووبەڕووی هێزەكانی عێراق ببنەوە.
لە راگەیەندراوەكە، بڕیاری پاشەكشە و رادەستكردنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان، بە بڕیارێكی "دروست" لە قەڵەمدراوە و ئاماژە بەوەكراوە، كە گوایە ئاوەدانی شاری كەركووك و ژیانی كەركووكییەكانیان پاراستووە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، كە بڕیاری كشانەوەی هێزەكان، لەلایەن فەرماندەی یەكەی 70ی هێزی پێشمەرگە دراوە، بەڵام ئەوكات جەعفەر شێخ مستەفا، كە فەرماندەی هێزەكە بوو بێئاگایی خۆی لە بڕیاری كشانەوە دەربڕی.
هەر ئەوكاتیش جەعفەر شێخ مستەفا راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا دووپاتی لەوە كردەوە، "هەندێك بەرپرسی یەكێتی یارمەتیدەری ئەو پیلانگێڕییەی دژی گەلی كوردستان بوونە و خیانەتێكی گەورە و مێژوییان لە كوردستان و شەهیدان كرد، هۆكاری 16ی ئۆكتۆبەر ریفراندۆم نەبوو بەڵكو خیانەتی ئەو گرووپەی یەكێتی بوو ".
پێشتریش چەند سەرکردەیەکی یەکێتی باسیان لە ئەنجامدەرانی خیانەتەکە کردبوو، کۆسرەت رەسووڵ، جێگری سکرتێری گشتی ئەو کاتی یەکێتی، لە دوای رووداوەکە رایگەیاند، ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی دایە.
لای خۆیەوە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری هەڵبژێردراوی كەركووك و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر رایگەیاند، خیانەتكردن لەلایەن ئەو تاقمەی خیانەتی 16ی ئۆكۆتبەریان ئەنجامدا زۆر ئاسانە، زۆر بە ئاسانی دەتوانن گێڕ بگۆڕن و بكەونەوە خیانەت.
هەروەها مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی ئەو کاتی یەکێتی گوتی:"هەڵپەرست‌ و هەرزە ئەقڵەكانی ناو یەكێتی ‌و فەیسبوكبازەكانیش كە هەر خەریكی شێواندنی زهنیەتی خەڵكن، وەكو پێشینان وتویانە؛ دز بازاڕی شێواوی هەیە". ئەمانەش، لەناو هەموو رەوت‌ و جەمسەرەكاندا، زۆر نابەرپرسیارانە، لەرابردوودا بەگشتی‌ و لە دوو مانگی رابردوودا بەتایبەتی، دەستیان هەیە، لەم دۆخەی یەكێتی تێیكەوتووە. كە بەداخەوە بەشێك لەئامانجە گڵاوەكانیان هێناوەتەدی.
هەروەها شێخ جەعفەر مستەفا، فەرماندەی هێزەکانی 70 لەبارەی خیانەتی 16 ئۆکتۆبەر رایگەیاند، ئاڕاسته‌ و گروپێك له‌ناو یه‌كێتیدا هه‌ن كه‌ هه‌ماهه‌نگ و رێكه‌وتنیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی و حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك چۆن كه‌ركووكیان ته‌سلیم كردن ئاواش ده‌یانه‌وێت سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆكیان ته‌سلیم بكه‌ن.