شاخەوان عەبدوڵڵا: ڕێککەوتن لەسەر خەرجکردنی مووچە کراوە

یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ڕێککەوتن کراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
گوتیشی: ڕێککەوتنی نەوتی و نانەوتی و خەرجکردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان کراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆپۆزەلی ڕێککەوتنی نوێی نێوان تورکیا و عێراق کۆتایی هاتووە لەنێوان کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا تورکییەکان بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان.
شاخەوان عەبدوڵڵا ڕاشیگەیاند، هیچ پابەندییەک نەماوە، تەنیا ماوەتەوە حکوومەتی عێراق پابەندییە ئەخلاقیی و یاساییەکانی بەرانبەر بەو ڕێککەوتنەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بۆ ناردنی مووچە کراوە جێبەجێ بکات.
لەبارەی گواستنەوەی مامۆستایان بۆ سەر بەغدا گوتی: گواستنەوەی مامۆستایان لە چوارچێوەی بودجەدا نەبوو، بەڵام دەسەڵاتی خۆمان وەکوو سەرۆکایەتی بەکارهێنا بە گواستنەوەی 15 هەزار و 900 فەرمانبەر و مامۆستای ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بەغدا، بەڵام بیری شۆڤێنی ئەوەندە زاڵە بەسەریاندا ئەو گواستنەوەیان بەڕەوا نەبینی و دەنگیان لەسەر نەدا.