مەسرور بارزانی یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی زاخۆی کردەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بازرگانی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کردەوە.
زیاتر لە 100 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی کە لە بوارە جیاکاندا کار دەکەن، بەشداریی لە یەکەمین پێشانگەی بازرگانیی نێودەوڵەتیی زاخۆ دەکەن.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی زاخۆ، لەسەر ڕووبەری 8 هەزار و 600 مەتر دووجا دروست کراوە کە 4 هەزار مەتر دووجای سەوزاییە. لە پێشانگاکەدا شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل بە ڕووبەری 13 هەزار مەتر دووجا دروست کراوە.
ستەیج، جێگای دانیشتنی میوان، خواردنگە، چەند هۆڵێکی بچووک بۆ کۆنفڕانس، سیستەمی دەنگی، کامێرای چاودێری، کارەبای بەردەوام، باشترین سیستەمی هەواگۆڕکێ و ئاگرکوژێنەوە بۆ پێشانگاکە دابین کراوە.