ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ڕەشنووسی داهاتی نانەوتی دەنێرێتە ئەنجوومەنی وەزیران

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت تایبەت بە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم کۆتاییهات.
یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی دەوڵەت چوارەمین کۆبوونەوەی خۆی لەبارەی پرسی داهاتی نانەوتی کرد، لەکۆبوونەوەکەدا ڕەشنووسی کۆتایی خۆیان نووسیوە و بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری هەرێم رەشنووسەکە واژۆ کراوە و چاوەرێی دەکرێت ئەمرۆ لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە بنێردرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
ڕۆژی پێنجشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2025، بۆ سێیەم جار ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێڕاق بۆ یەکلاییکردنەوەی لایەنە یاساییەکەی پرسی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەڵام هەردوو نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار نەبوون، ئەنجوومەنەکەش ڕەوانەکردنی ڕەشنووسەکەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دواخست.
ڕۆژی سێشەممە، 16ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، بڕیاری دا ڕەشنووسی نێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان ڕەوانەی ئەنجوومەنی ڕاوێژکاریی وەزارەتی نەوت بکرێت و ئەگەر تێبینییان نەبێت، کێشەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کۆتایی پێدێت و دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتەکە دەکرێت.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ڕێککەوتن کراوە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.