سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە یەکێتیی زانایان دەکات و ستایشی ڕۆڵیان دەکات

سەرۆکی حکوومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایان ڕایدەگەیەنێت، یەکێتییەکە رۆڵی گرنگی هەیە لە بەهێزکردنی میانەڕەوی و کولتووری بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، بەبۆنەی 55ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی یەکێتییەکە کرد.
سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردووەتەوە، زانایانی ئایینی ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە لە "بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و بەهێزترکردنی میانەڕەوی و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان."
دەقی پەیامی سەرۆکی حکوومەت لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان:
لە پەنجا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و گشت ئەندامانی یەکێتیی زانایان دەکەم.
بە ڕێز و پێزانینەوە لە ڕۆڵی گرنگیی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان و زانایانی ئایینی بە گشتیی دەڕوانین لە قووڵکردنەوە بنەما و بەها بەرز و مرۆییەکانی ئایینی ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕۆیی و بەهێزترکردنی میانەڕەوی و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/9/21