خۆپیشاندەران دەروازەی کێلگەی نەوتی ڕومێلەیان لە بەسرە داخست

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2025، دوای داخستنی کێڵگەی نەوتی ڕومەیلەی باکوور لە پارێزگای بەسرە، هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە خۆپیشاندانەرانی دەرچووانی ئەندازیاری و نەوت.

میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ لە بەسرە دەرچووانی ئەندازیاری و پسپۆڕانی نەوت خۆپیشاندانیان کرد و دەروازەی کێڵگەی نەوتی ڕومەیلەی باکووری بەسرەیان داخست، خۆپیشاندانەکە بەهۆی داوای هەلی کار بووە لە کۆمپانیاکانی نەوتی سەر بە وەزارەتی نەوت دەکەن

ئەم خۆپیشاندەرانە زیاتر لە حەوت مانگە لەبەردەم باڵەخانەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە خۆپیشاندان دەکەن، پێشتریش چەند خۆپیشاندانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوەی پێکراوە، ئەمە سەرەڕای بەردەوامی داواکاریی خۆپیشاندەران بۆ هەلی کار، هەروەها هۆشداریشیان داوە ئەگەر پەراوێزبخرێن هەنگاوی دیکە دەگرنە بەر.

ڕۆژی 10ـی ئەم مانگە لەگەڵ سەردانی عەبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆی حێراق بۆ پارێزگاکە، هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان بە خۆپیشاندانێک کرد. هەروەها چەندین جار خۆپیشاندانەکانی دەرچووانی ئەندازیاری و نەوت لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان گرژی تێکەوتووە.

 

 
Fly Erbil Advertisment