لە ئەنبار تەقینەوەیەک هێزەکانی دژە تیرۆری عێراقی کردە ئامانج

دژەتیرۆری عێراق
دژەتیرۆری عێراق

هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق لە سنووری پارێزگای ئەنبار لەو کاتەی بەسەر حەشارگەیەکی چەکدارانی داعشیانداداوە، تەقینەوەیەک ڕوویداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک ئەندامی هێزەکەی دژە تیرۆر بوونەتە قوربانی.

ڕاوێژکاری کاروباری ئەمنی و بەرگری و حەشدی شەعبی پارێزگاری ئەنبار، عەبدوڵڵا جغێفی ڕایگەیاند، لە ناوچەیەکی باکووری دەشتیاییەکانی ڕاوە، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەنبار، هێزەکانی دژە تیرۆر هەڵیانکوتاوەتە سەر حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش، دوای چوونە نێو حەشارگەکە، لە دوورەوە بە کۆنترۆڵ حەشارگەکەیان تەقاندووەتەوە و بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکە گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

هەروەها ئاماژەیداوە، دوای تەقینەوەکە هێزە ئەمنییەکان ناوچەکەیان گەمارۆداوە و هێزێکی تایبەتی پوچووڵەکردنەوەی تەقەمەنیش چوونەتە شوێنەکە بۆ گەڕان و پشکنین و پووچەڵکردنەوەی هەر تەقەمنییەکی دیکە.

ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو دوو هاووڵاتیی کورد لە سنووری پردێ، لە نێوان گوندەکانی زەردک و بیبانی کەوتنە بۆسەیەکی چوار چەکداری داعش و یەکێکیان برینداربوو، ئەوی دیکەیان لەلایەن چەکدارانەوە ڕفێندرا.

 
Fly Erbil Advertisment