ئەحمەد شەرع: سەرۆکی ئەمەریکا هەنگاوی گەورەی بەرانبەر سووریا ناوە

دوای ئەوەی گەیشتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ ئەوەی بەشداریی کارەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بکات، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند: ئومێدی ئەوەی هەیە چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بکەوێت.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ"سی بی ئێس" ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا ڕایگەیاند: ئومێدی هەیە چاوی بە دۆناڵد ترەمپ بکەوێت و لەبارەی پەیوەندییەکانی سووریا و ئەمەریکا گفتوگۆ بکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکان هەنگاوی گەورەی بەرانبەر سووریا گرتووەتە بەر.
سەرۆکی سووریا دووپاتی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی سووریا و ئەمەریکا کردەوە بەشێوەیەکی زۆر باش کە پەیوەندییەکان هەمیشە ڕاستەوخۆ بن.
ئەحمەد شەرع لە چاوپێکەوتنەکەدا گوتی: پێشتر جیهان سووریای دووچاری نەهامەتی کرد، بەڵام ئێستا هەمووان دەتوانن هاوکاری سووریا بکەن بە هەڵگرتنی سزاکانی سەری.
شەرع ئاماژەی بەوەشکرد، ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا وای کرد، چەند گرووپێکی چەکداری سەر بە وڵاتێک، لە سووریا بچنە دەرەوە، هاوکات جەختی لە گەڕاندنەوەی پەنابەرانی سووری کرد بۆ وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی ئەیلوولی 2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا ڕایگەیاند: ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ بەشداری لە کارەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەیشتووەتە نیویۆرک.