بەهۆی چاكسازیی لەكێڵگەكانی غازی كۆرمۆر بەشێوەیەكی كاتی پێدانی كارەبا كەمدەبێتەوە
"پرۆسەیەكی خۆئامادەكردن بۆ وەرزی زستان، كە بەهۆیەوە بڕی 800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا كەمدەكات"
K24 – ھەولێر
بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی چاكسازیی لەكێڵگەكانی غازی كۆرمۆر بەشێوەیەكی كاتی پێدانی كارەبا بۆ ماوەی دوو كاتژمێر كەمدەبێتەوە.
لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبا رایگەیاند: "هاوبەشانی كارەبا ئاگادار دەكەینەوە سبەینێ رێكەوتی 18/10/2020 لەكاتژمێر 8ی بەیانی یەوە تاوەكو 4ی ئێوارە گۆڕانكاریی 2 كاتژمێر لەبەرنامەی پێدانی كارەبا دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەو چاكسازیی و كاروباری چاككرنەوە كە كۆمپانیای دانەغاز لە كێڵگەكانی كۆرمۆر ئەنجامی دەدات وەكو پرۆسەیەكی خۆئامادەكردن بۆ وەرزی زستان، كە بەهۆیەوە بڕی 800 مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەكات".
ئاماژە بەوەشكراوە: "وەزارەتی كارەبا لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی كەمبوونەوەی پەستانی غاز تەنیا بۆ دوو كاتژمێر كارەبا كاریگەریی لەسەر هاوبەشانی كارەبا هەبێت. دوای تەواوبوونی پرۆسەی چاكسازیی لە كێڵگەكانی كۆرمۆر وەزارەتی كارەبا لەڕێگەی تیمەكانی كۆنترۆڵ و وێستگەكانی كارەباوە كار بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكە دەكات".