دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین ناکۆکی خستووەتە نێو ئیسرائیلییەکان

دوابەدوای دوورخستنەوەی هەردوو وەزیری حکوومەتی ئیسرائیل 'بن گڤیر و سمۆتریچ' لە دانیشتنە گرنگەکانی حکوومەت بۆ گفتوگۆ دەربارەی وەڵامدانەوەی دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین ناکۆکی کەوتووەتە نێو هاوپەیمانەکانی حکوومەت.

چەند سەرچاوەیەکی سیاسیی بەبێ ئەوەی ناویان ئاشکرا بکرێت بە کەناڵ 12ـی ئیسرائیلی گوت: بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەدەرەوەی کارنامەی ئاسایی حکوومەت کردووە، بەبێ بەشداریی ئیتیمار بن گڤیر، وەزیری ئاسایشی نەتەوەیی و بێزالیل سمۆتریچ وەزیری دارایی، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی وەڵامدانەوەی دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە دەوڵەتی فەڵەستین.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، کەسانی نزیک لە بن گڤیر هەنگاوەکانی ناتانیاهۆیان بە پێچەوانەی هەوڵی ئیسرائیل بۆ داواکاری سەپاندنی سەروەری بەسەر کەناری ڕۆژئاوا زانیوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بن گڤیر و هاوپەیمانەکانی داوای هەڵوێستێکی توندتر دەکەن، لەوانە خێراکردنی هەنگاوەکان بەرەو سەروەری و کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستین، هاوکات ناتانیاهۆ هەوڵدەدات هەڵوێستی هاوسەنگ بگرێتەبەر کە ڕێگەی پێبدات یەکگرتوویی هاوپەیمانی سیاسی بپارێزێت و دووربکەوێتەوە لە هەڵکشانی ناکۆکییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا ناتانیاهۆ جەختی لە گرنگی و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بۆ هەنگاوەکانی دانپێدانانی دەوڵەتی فەڵەستین کردەوە.

پێشتریش بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا و پورتوگال دانپێدانانی خۆیان بە دەوڵەتی فەڵەستین ڕاگەیاند، بەمەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئەم هەنگاوەیان ناوە، گەیشتە 153 وڵات لە کۆی 193 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان.

هەروەها 11 وڵات کە پێکدێت لە 'ماڵتا، بەریتانیا، لۆکسمبۆرگ، فەرەنسا، ئوسترالیا، ئەرمینیا و بەلجیکا' لە میانی 80مین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڕیارە لەم مانگەدا بەڕێوەبچێت، نیازی خۆیان بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین ڕاگەیاند.

دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ەوە، ئیسرائیل کۆمەڵکوژی لە فەڵستین ئەنجامداوە کە بووەتە هۆی کوژرانی 65 هەزار و 283 فەڵەستینی، برینداربوونی 166 هەزار و 575 کەسی دیکە، کە زۆربەی کوژراوەکان منداڵ و ئافرەتن، هەروەها 442 فەڵەستینی بەهۆی برسیەتییەوە گیانیان لەدەستداوە کە 147یان منداڵن.

 
Fly Erbil Advertisment