نێچیرڤان بارزانی سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکات

"ئاڵای كوردستان سووتێندراوه‌ و ئاڵای حشه‌دی شه‌عبی هه‌ڵكراوه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی عێراق تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكاته‌وه‌"

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، سووتاندنی باره‌گای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غدا شه‌رمه‌زار ده‌كات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا، نێچیرڤان بارزانی رایده‌گه‌یه‌نێت، گرووپێكی له‌ یاسا ده‌رچوو، باره‌گای پارتیان له‌ به‌غدا سووتاند و له‌ كاتی هێرشه‌كه‌شدا ئاڵای كوردستان و وێنه‌ی سیمبوله‌كانی كورد سووتێندراون و ئاڵای حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵكراوه‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "

داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌."

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ گرووپێكى له‌ياساده‌رچوو بارەگای لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە شاری بەغدا سووتاند و لە کاتی هێرشەکەدا ئاڵای کوردستان و وێنەی سیمبولەکانی کورد سووتێندراون و ئاڵای حەشدی شەعبی هەڵکراوه‌.

ئێمە ئەو هێرشە شەرمەزار دەکەین و بە کردەوەیەکی ئاژاوەگێڕانەی دادەنێین. هێرش بۆ سه‌ر باره‌گاى حزبێك كه‌ هێزێكى سه‌ره‌كيى ڕووخاندنى دكتاتۆرى بووه‌ له‌ عێراق، هێرشه‌ بۆ سەر مێژووی خەباتی هاوبەشی کورد و هێزە عێراقییە شۆڕشگێڕەکان لەپێناو نەهێشتنی زۆرداری و دیکتاتۆری. هەڕەشه‌يە بۆ سەر  پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لەباربردنی ئاشتيی کۆمەڵایەتی و سیاسييه‌ و لەگەڵ بنەماکانی دەستوور و  دیموکراسى و مافەکانی مرۆڤ، ناكۆكه‌.

هێزی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزە چەکدارەکانی عێراق مێژوویەکی تازەی هاوبەشیان لە شەڕی داعشدا تۆمار کرد، ئێمە هیوادارین ئەو هاوبەشییە هاوکارییەکی زیاتری بەدوادابێت لەڕووی سیاسییەوە لەپێناو دەربازکردنی هەموو خەڵکی عێراق لەو بارودۆخە ناخۆشەی تێیکەوتووە.

نابێ هیچ لێدوان و مشتومڕێک لە هیچ بوارێکدا ئەو هاوبەشییە تازەیەی نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقى تازه‌دا تێکبدات، دەبێ هەموو لایەک ئەو هاوخەباتییەی ڕابردوو بەکار بێنین بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی فیدرالیی عێراق لەپێناو هێنانەکایەی بەڕێوەبردنێکی باشتر کە لە خزمەت خەڵکی عێراقدا بێت.

داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جددی و خێرا دەستپێ بکەن و تێكده‌ران ڕووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

17/10/2020