بانکی ناوەندی پێشبینی دەکات ساڵی داهاتوو مامەڵەی کاش لە دامودەزگاکانی حکوومەت کۆتایی پێبێت

بانکی ناوەندی عێراق پیشبینی دەکات تاوەکوو مانگی تەممووزی ساڵی داهاتوو، کۆتایی بە پارەدانی کاش لە دامەزاروەکانی حکوومەت بهێنرێت.
زەرغام موسا، بەڕێوەبەری چاودێری دامەزراوە داراییەکان لە بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، "بانکی ناوەندی لەچوارچێوەی ڕێکارە یاساییەکان و بەسەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، پارەدانی ئەلیکترۆنی بەرەو پێشچوونێکی باشی بەخۆیەوە بینوە"، ئاماژەی بەوەش دا، تریلیۆنان دینار بە شیوەی ئەلیکترۆنی خەرج کراوە، بەتایبەتی لە وەزارەتی ناوخۆ مامەڵە بە پارەی کاش ناکرێت.
زەرغام موسا ئەم کارەی بە نایاب وەسف کردووە، هیوادارە ئەزموونەکە بۆ هەموو وەزارەتەکان شۆڕبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "دامەزراوەکانی دیکەی حکوومەت هاندەدەین بۆ چوونە ناو چوارچێوەی پارەدانی دیجیتاڵی ئەلیکترۆنی."
هەروەها زەرغام پێشبینی دەکات، مامەڵەی کاش لە دامودەزگاکانی حکوومەت تاوەکوو مانگی تەممووزی ساڵی 2026، بەتەواوی کۆتایی پێبێت.
خالید جابری، سەرۆکی دامەزراوەی ئوسوڵ بۆ گەشەپێدانی ئابووری و گەشەسەندن گوتی: "چاکسازی بەردەوام لە سیاسەتی دارایی و نەختینە و بانکیدا هەیە، جگە لە چاکسازی گومرگی و مامەڵەی باج .
گوتیشی: "ناتوانرێت ئەم چاکسازییانە لەماوەیەکی وا کورتدا تەواو بکرێن بۆ ئەوەی بەو خێراییە مامەڵەی نەختینەیی کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە پێویستی بە پرسی یاسادانان و ڕێکخستنەوەی هەندێک ڕێکار و چەندین وردەکاری دیکە هەیە".