ئۆجەلان و کۆمیسیۆنی ئاشتی کۆدەبنەوە

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمان رایگەیاندووە، لەرۆژانی داهاتوودا کۆمیسیۆن لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبێتەوە و پرسی پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکەن.

مەراڵ دانش بەشتاش، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی کۆمیسۆنی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، رایگەیاند: ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆمیسیۆنی پەرلەمان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان( پەکەکە) کۆببێتەوە و کۆنەبوونەوەی کۆمیسیۆنەکە لەگەڵ ئۆجەلان، لە گەڵ ناوەڕۆکی پرۆسەکەدا ناگونجێت.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆمیسۆنەکە دا گوێیان لە زۆربەی لایەنەکان گرت، هەمووان بۆچوونێکی هاوبەشیان هەیە، پێویستە گوێ لە بۆچوونەکانی ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بگیردرێت، یەکێک لە داوکارییەکانی لایەنە کوردییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، کۆبوونەوەی ئۆجەلانە لەگەڵ کۆمیسۆنەکە.

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە کردووە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێش بچێت، پێویستە بۆچوون و پێشنیارەکانی ئۆجەلان بەهەند وەربگیرێت، هاوکات لەدواهەمین کۆبوونەوەی ئۆجەلان و شاندی دەم پارتی، ئاماژەی بەوە کردبوو، قسەی زۆر گرنگی هەیە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و دەیەوێت لەگەڵ کۆمیسۆنەکە کۆببێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment