گرۆسی: هەوڵە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران لە قۆناغێکی سەختدان

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕاگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە "قۆناغێکی سەختدایە"، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوام دەبن.
دووشەممە 22ـی ئەیلوولی ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتی: "ئاشکرایە ئەو قۆناغەی ئێستا ڕووبەڕووی بووینەتەوە لە دۆخێکی زۆر دژواردایە، دەشڵێت"ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە پەیوەندییەکان بەردەوامن. پلانمان هەیە ئەمڕۆ، لە نیویۆرک لەگەڵ ئێران کۆببینەوە، ڕەنگە لەم هەفتەیدا کۆبوونەوەی زیاتریش هەبێت."
ئەمڕۆ، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، هیوای خواست لە کۆبوونەوەکانی نیویۆرک بگەن بە چارەیەک لە بارەی بەرنامەیە ئەتۆمییەکەی ئێران، بە پێچەوانەوە ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر، هاوکات دووپاتیشی دەکاتەوە، بۆ ڕێگە چارەسەری دیپلۆماسی ئامادەن.
عراقچی، لە بارەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە گوتی: "ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژانسەکە، بەڵام نازانین دواتر چی دەبێت و چی ڕوودەدات."
بەرپرسانی ئێران لەوبارەوە ڕایانگەیاندبوو، هەنگاوەکەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەوڵەکانی چەندین مانگەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بۆ دەستپێکردنەوەی چاودێری و دڵنیابوون لە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان، تێکداوە.
لەم مانگەدا، ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە گەیشتنە ڕێککەوتنێک کە ڕێگەی دەدا پشکنینەکان بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دەستپێبکاتەوە.
هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، پرۆژە بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی بە یەکجاری سەر ئێران پەسند نەکرد، بەڵام ئێران و ئەورووپا هێشتا هەشت ڕۆژیان لەبەردەستە بۆ ڕێکبکەون.
هەروەها ئەگەر تا 27ـی ئەیلوول ئێران نەتوانرێت هیچ ڕێککەوتنێک لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی بکات، ئەوا هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دووبارە بەسەر دەسەپێنرێنەوە.
بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە 28ـی ئاب پرۆسەیەکی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەر ئێرانیان چالاک کردەوە و 30 ڕۆژ مۆڵەتییان دایە ئەو وڵاتە پابەندبوونی خۆی دووپات بکاتەوە، ئەوان تارانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە پابەندی ڕێککەوتنی 2015ـی لەگەڵ نەبووە کە ئامانج لێی ڕێگریکردن بوو لە پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، بەڵام ئێران ئەمە ڕەت دەکاتەوە.