ئەحمەد شەرع: دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی هەسەدە وەربگرین

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە چوارچێوەی لوتکەی کۆنۆردیا ڕایگەیاند: بۆ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دووپاتمان کردووەتەوە، مافی کورد لە سووریا دەپارێزین، بەڵام ئەوان سستن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ دیمەشق.
دووشەممە 22ـی ئازاری 2025، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لەچوارچێوەی لوتکەی کۆنۆردیا لە نیویۆرکی ئەمەریکا گوتی: دەتوانین لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) بگەینە ڕێککەوتنی ئاشتی و زۆر بەخێرایی ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکەین، بەتایبەتیش ئەو ڕێککەوتنەی لە 10ـی ئازاری ڕابردوو واژۆمان کرد.
شەرع دووپاتی لەوە کردەوە، پرەنسیپی زۆرینەیان لە هەڵبژاردندا ڕەت کردووەتەوە، چونکە باوەڕیان بە بەشداریی تەواوی لایەن و پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی داهاتووی سووریا هەیە.
سەرۆکی سووریا گوتیشی: نکۆڵی لە پێکهاتەی کورد و پێکاتەکانی دیکەی سووریا ناکەین، داوامان لە هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) کردووە تێکەڵی سوپا بن بۆ ئەوەی کەڵک لە ئەزموونەکانیان وەربگرین.
لەبارەی ڕووداوەکانی دوایی سووریاش، ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد، لیژنەیەکیان بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی سوەیدا و کەناراوەکان پێکهێناوە، لێپرسینەوە لەگەڵ سەرپێچیکاران دەکەن.
سەبارەت بە ئاڵۆزی و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلیش، سەرۆکی سووریا گوتی: دەکرێت ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێ لایەن هەوڵدەدەن ئاڵۆزییەکان زیاتر بکەن.