بافڵ تاڵەبانی: لەهەموو کات زیاتر پێویستیمان بە یەکڕیزییە

راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

K24- هەولێر:

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی رووداوەکانی بەغدا پەیامێکی بڵاوکردووە و تێیدا هاتووە، ئاڵای پیرۆزی کوردستان، شکۆی نەتەوەیی و قوربانیدان و بەرهەمی خوێنی شەھیدانمانە، ھیچ بیانوو و پاساوێک جێگای قبوڵکردن نابێت کە دەستدرێژی بێت بۆ خاک و ئاڵاکەمان کە قوربانیمان بۆداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێمە مێژووی خۆمان خۆشدەوێت کە مێژووی برایەتی و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و سەرنەوینەکردنە بۆ دوژمنانی خاک و گەلەکەمان.
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت، پاراستنی پیرۆزییە نەتەوەییەکانمان ئەمانەتی باوباپیران و نیشتمان و یەکێتییەکەی مامە، کە دەستیپێوەدەگرین و دەیپارێزین.
هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەی رایدەگەیەنێت، لە ھەمووکات زیاتریش پێویستمان بە یەکخستنی ریزەکانی گەلەکەمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و لەگەڵ دڵسۆزەکانمان لە بەغدا و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لەھەڕەشەکان بپارێزین. ھەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.