بەریتانیا بە توندی سەركۆنەی ھێرشكردنە سەر بارەگای لقی پارتی لە بەغدا دەكات
"پێشوازی لەو ھەنگاوانە دەکەین کە لە بارەی ئەو ھێرشە گیراونەتەبەر"
K24 – ھەولێر
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، سەركۆنەی ھێرشكردنە سەر لقی 5ی پارتی لە بەغدا دەكات و رایدەگەیەنێت، پێشوازی لە ھەوڵەكان دەكەین بۆ سزادانی ئەنجامدەرانی ھێرشەكە.
لە پەیامێكدا باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق، بە توندی ھێرشکردنە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا ئیدانە و سەرکۆنە دەکات، داواش دەکات یەکلاکردنەوەی جیاوازییە سیاسییەکان لە رێگەی دایالۆگ بێت نەک توندوتیژی، کە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی.
باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق راشیگەیاند "ھاوکات پێشوازی لەو ھەنگاوانە دەکەین کە لە بارەی ئەو ھێرشە گیراونەتەبەر".
سەرلەبەیانی دوێنێ 17ی تشرینی یەکەمی 2020 بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ھێرشیان کردە سەر بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و جگە لە سووتانی بارەگاکە، ئاڵای کوردستانیش سوتێنرا کە رەمزی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردستانە، ئهوهش نیگهرانیی و كاردانەوەی ناوخۆی و دەرەوەی لێكەوتەوە، جگە لە خەڵكی سیاسیی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، ژمارەیەك باڵیۆزخانە و نوێنەری وڵاتان لە عێراق نیگەرانی خۆیان دژی ئەو كردەوەیە راگەیاند.