ئەسۆشیەیتد پرێس: ئێران بنکە مووشەکییەکانی بنیات دەنێتەوە
ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس شیکاری بۆ چەند وێنەیەکی مانگی دەستکرد کردووە، بۆیان دەرکەوتووە، ئێران دەستی کردووە بە بنیاتنانەوەی ئەو بنکە مووشەکییانەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە جەنگی 12 ڕۆژەدا بۆمبارانی کردبوون.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس هاتووە، بەرنامەی مووشەکی ئێران یەکێک لە کاریگەرترین و بەهێزترین چەکی ئەو وڵاتە بۆ بەرگری کردن لە خۆیان، بۆیە دووبارە بنیاتنانەوەی بۆ ئێران زۆر گرنگە، بە تایبەت کە ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
شارەزایانی بواری مووشەکی بە ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسیان گوتووە: بەدەستهێنانی ئامێری میکسەر(ئامێرێکە تایبەتە بە تێکەڵکردنی پێکهاتەکانی تایبەت بە بەرنامەی مووشەکی) ئامانجی سەرەکیی تارانە، بەتایبەتی کە خۆی بۆ ئەگەری دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی ئەم مانگەدا ئامادە دەکات.
سام لەیر، توێژەر لە سەنتەری جەیمس مارتن بۆ نەهێشتنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی، بە ئاژانسەکەی گوت: "ئەگەر بتوانن هەندێک شتی سەرەکی وەک میکسەرەکان بەدەست بهێننەوە، ئەوا ژێرخانەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی دووبارە بکەوێتەوە کار."
بنکە مووشەکییەکانی سووتەمەنیی ڕەق کرابوونە ئامانج
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەو مووشەکانی سووتەمەنیی ڕەق بەکاردێت، دەتوانرێت خێراتر لە وانەی سووتەمەنیی شل بەکاردێت بهاوێژرێن، چونکە پێویست ناکات پێش هاویشتن پڕ بکرێن. ئێران بنکەی بەرهەمهێنانی مووشەکی سووتەمەنیی ڕەقی لە خەجیر و پارچین لە نزیک تاران، هەروەها لە شاهرود لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پایتەخت هەیە، پێشتر ئیسرائیل چەندین جار ئەو بنکانەی میکسەرەکانیان تێدایە کردووەتە ئامانج.
وێنەکانی مانگی دەستکرد، ئەم مانگە کە لەلایەن کۆمپانیای پلانیت لابزەوە گیراون، پیشانی دەدەن کە کارکردن بۆ بنیاتنانەوەی هەر دوو بنکەی پارچین و شاهرود دەستی پێکردووەتەوە.
لە کاتی جەنگەی 12 ڕۆژەدا، بەپێی پەیمانگای جوولەکە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، ئێران 574 مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. بەگوێرەی خەملاندنەکانی سوپای ئیسرائیل، لە جبەخانەکانی ئێران نزیکەی دوو هەزار و 500 مووشەک هەیە.
پەیوەندی لەگەڵ چین
ڕەنگە ئێران بۆ بەدەستهێنانی میکسەرەکان و ماددە کیمیاییەکانی دروستکردنی سووتەمەنیی ڕەق پشت بە چین ببەستێت.
چەند ڕۆژێک دوای تەقینەوەیەکی گەورە بەندەری عەباس لە مانگی نیساندا کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی 70 کەس و برینداربوونی هەزار کەسی دیکە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سزای خستە سەر کۆمپانیا چینییەکان بە تۆمەتی ئەوەی "پێکهاتەکانی سووتەمەنیی مووشەکی بالیستی"یان داوەتە ئێران.