نەتەوە یەکگرتووەکان: یەک ملیۆن پەنابەری سووری لەدوای ڕووخانی ئەسەد گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) ڕایگەیاند، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد یەک ملیۆن پەنابەری سووری، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان. هاوکات داوای پشتیوانیی زیاتری کرد بۆ ئەوەی ئاوارەکانی دیکەش بگەڕێنەوە.
چوارشەممە 24ـی ئەیلوولی 2025، ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە: "تەنیا لە ماوەی نۆ مانگدا، یەک ملیۆن سووری لەدوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەدەوە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024دا، گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان." هاوکات ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارەی ناوخۆییش کە لە ماوەی نزیکەی 14 ساڵی شەڕی ناوخۆدا ئاوارە ببوون، گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
هەرچەندە گەڕانەوەی ئاوارەکان ئاماژەی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتە، بەڵام لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "خانوو و ژێرخانە وێرانکراوەکان، خزمەتگوزارییە سەرەتاییە لاوازەکان، نەبوونی هەلی کار، و دۆخی ئەمنیی ناسەقامگیر، بوونەتە ئاستەنگ لەبەردەم خواستی خەڵک بۆ گەڕانەوە و بوژانەوە."
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا زیاتر لە حەوت ملیۆن سووری لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەن و زیاتر لە چوار ملیۆن و 500 هەزار پەنابەریش لە دەرەوەی وڵات ماونەتەوە.
فیلیپۆ گراندی، سەرۆکی UNHCR، لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوە کردبوو،: "ئەمە دەرفەتێکی دەگمەنە بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی ئاوارەیی لە جیهاندا." ئەو ئاماژەی بە ڕاپرسییەکی ئەم دواییە کرد کە دەریدەخات 80%ـی پەنابەرە سوورییەکان لە ئوردن، لوبنان، میسر و عێراق دەیانەوێت بگەڕاینەوە وڵات.
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی بودجەی تەرخانکراو بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە "بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە."، ئاژانسەکە کەمتر لە چارەکێکی ئەو بڕەیان پێگەیشتووە کە ئەمساڵ بۆ گەیاندنی هاوکاری پێویستیانە، لە کاتێکدا تەنیا 30%ـی بودجەی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی گشتیی سووریا دابینکراوە.