هەرێمی کوردستان.. چاندنی تووتن بەرەو نەمان دەچێت

لە هەرێمی کوردستان، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی ئاو، بەرهەمهێنانی تووتن بەرەو نەمان دەچێت و کشتوکاڵی ڕاپەرین ئاماژە بەوە دەکات، ئەو جوتیارانەی تووتن دەچێنن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.

کامەران حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سنووری باڵەکایەتی توتن دەچێندرێت، بەڵام وەکو ساڵانی پێشوو بەرهەمهێنانی کەمبووەتەوە، چونکە جوتیارانی سنوورەکە گرنگی پێنادەن، ئەوەی هەیە زیاتر لە، دۆلێ ڕۆستێ و خانەقا و هەروەها لە سنووری شارەدێی مێرگەسۆریش بەرهەم دەهنێندرێت، بەڵام هیچ ئامارێکی تەواویان لەسەر نییە.

لەلای خۆیەوە، خالید محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی ڕاپەرین، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەرهەمهێنانی تووتن زۆر کەمبووەتەوە، ئەو جوتیارانەی تووتن بەرهەمدەهێنن بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو جوتیارانەی تووتن لەو سنوورە بەرهەم دەهێنن بۆ خۆیانە، نەوەک فرۆشتنەوەیان.

دەشڵێت: لە ڕابردوو لە دەشتی شارەزوور و بتوێن، ڕێژەیەکی زۆری تووتن بەرهەم دەهات.

لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای وەرزی پایزدا تووتن پێدەگات و جوتیاران دەست بە بڕینەوەی دەکەن ، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشو هەوا و کەمبوونەوەی ئاو، بەرهەمهێنانی تووتن کەمبووەتەوە، هەرچەندە پێشتر بەرهەمهێنانی بەڕێژەیەکی زۆربوو، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.

 
Fly Erbil Advertisment