شەپۆلێکی چڕی بەفر و باران باکووری کوردستانی گرتووەتەوە

ڕاماڵینی بەفر لە ناوەندی شاری وان (وێنە: IHA )
ڕاماڵینی بەفر لە ناوەندی شاری وان (وێنە: IHA )

شەپۆلێکی بەفر و لێزمە باران تورکیا و باکووری کوردستانی گرتووەتەوە، بەهۆیەوە گەشتی ئاسمانییەکانی بەشێک لە فڕۆکەخانەکان هەڵوەشاوەتەوە و ڕێگەی هاتوچۆی نێوان چەند شار و گوندێکی باکووری کوردستانیش داخراوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی کانوونی یەکەمی 2025ـی بڵاوکردەوە دۆخی کەشوهەوای 20 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بە پرتەقاڵی دەستنیشان کردووە.

ماهیر یوکسەل پەیامنێری کوردستان24 لە دیاربەکر ڕایگەیاند، دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بەفر و باران سەرما باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و ئەمڕۆ تەمومژێکی چڕ ناوەندی شاری دیاربەکر و شارەکانی دیکەشی گرتووەتەوە.

ئاماژەیدا، بەهۆی تەمومژەوە، لە فڕۆکەخانەی دیاربەکر ئاستەنگییەکی زۆر بۆ گەشتە ئاسمانییەکان دروستبووە و بەهۆیەوە بەشێک لە گەشتەکان دواخراون و هەندێکیشیان بە تەواوی هەڵوەشیندراوەتەوە، هەر ئەمڕۆ هەر بە هۆی تەمومژەوە هاتوچۆی ئاسایی هاووڵاتییان لە شەقام و ڕێگە سەرەکییەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر بووەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بەفر بارین زۆربەی شارەکانی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەند ناوچەیەکیش، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان ڕێگەی هاتوچۆ داخراون و گرفتی بۆ قوتابیان و قوتابخانە سەرەتاییەکان دروستکردووە.

ماهیر یوکسەل ئاماژەیدا، لە بەرە بەیانی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی چڕی بەفربارین ناوەندی شاری گەڤەڕ و دەوروبەری گرتووەتەوە و بەهۆیەوە تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر سەرقاڵی کردنەوەی ڕێگە سەرەکییەکان، هاوکات ڕێگەی 11 گوند لە هەردوو ناوچەی مووکسێ و ئەلباک لە پارێزگای وان بەهۆی بەفرەوە داخراون.

هەرچەندە دوێنێ کەشناسی دۆخی 24 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان بە ڕەنگی پرتەقاڵی دیاری کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ دۆخی چوار پارێزگای ئاسایی کردەوە، بەڵام هێشتا کەشوهەوای 20 پارێزگای بە ناجێگیری هێشتووەتەوە، لە نێویاندا 10 پارێزگای باکووری کوردستان هەن، کە هەر یەک لە شارەکانی جۆلەمێرگ، چەولک، مووش، وان، قەرس، مەلەتی، دیلۆک، دیاربەکر، سێرت و باتمان دەگرێتەوە.

هەروەها هۆشداری بە هاووڵاتییان، بە تایبەت بە شۆفێران دراوە بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەواوە، لە گەشت و ڕێگەکاندا بە هۆشیارەوە شۆفێری بکەن. بە گوێرەی پێبینییەکان ئەم شەپۆلە بەفر و باران سەرمایەی باکووری کوردستانی گرتووەتەوە تاوەکوو 12ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

دوێنێ یەکشەممە، بە هۆی بارانی بەخووڕ و هەرەسهێنانی بەرد لە شاخەکانی ڕێگەی نێوان جۆلەمێرگ - وان، دوو هاووڵاتیی گیانیان لە دەستدا و ڕێگەکەش بۆ ماوەیەک داخرا.

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل