حکوومەتی هەرێم شوێنەوارێکی مێژوویی و ئاینی لە شێخان نۆژەن دەکاتەوە
لە چوارچێوەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شوێنەوار و ناوچە ئاینییەکان، شوێنەواری "نەهدار" لە قەزای شێخان نۆژەن دەکرێتەوە.
فەلاح حەسەن، موختار بە کوردستان24ـی گوت: پێشتر لێرە سێ دار هەبوون، ئەو سێ دارە بەهۆی تەمەنەوە کەوتن و لەناوچوون، ئێمە وەک موختار و ئەنجوومەن لەگەڵ دامودەزگا حکوومییەکان، هەستاین بە ئەنجامدانی کارێکی باش و بڕیارماندا جارێکی تر ئەم شوێنە نۆژەن بکەینەوە و بیگەڕێنینەوە دۆخی جارانی، سوپاس بۆ پیاوانی ئاینی و قایمقام و شارەوانی و میر و پارێزگاری دهۆک و ئەو کۆمپانیایەی کە شەقامی دووسایدی لالش دروست کرد، کە هەموویان هاوکار بوون بۆ ئەوەی ئەم شوێنەوارە جارێکی تر نۆژەن بکرێتەوە.
ڕەگ و ڕیشەی ئەم شوێنە دێرین و کۆنە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی باوباپیران و بەپێی هەندێک سەرچاوە، لە سەردەمێکدا گۆڕستان بووە.
محەممەد تەتەر، شوێنەوارناس ڕایگەیاند، "نەهدار" یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییە گرنگەکانی قەزای شێخان، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمە مێژووییە کۆنەکان، بگرە بۆ سەردەمی میرنشینی بادینان، لەو سەردەمەدا شوێنێک بووە بۆ پشوودان و مانەوەی ئەوانەی لەم ڕێگەیەوە دەچوونە ویلایەتی موسڵ، لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دارە تایبەتمەندییەکی هەیە لەناو ئەفسانە میتیۆلۆژیای ئاینی ئێزیدیدا، بەوەی پێی دەگوترێت "دارکا ئامادین". هەروەها ئەم ناوە لە تۆمارەکانی دەوڵەتی عێراقیدا لە ساڵی 1935 وەک گۆڕستانێک لەم شوێنە تۆمار کراوە.
پیر خەلات، کەسایەتی ئێزیدی دەڵێت: ئەمەش یەکێکە لە شوێنە پیرۆز و دێرینەکانی ناوچەکە، لە ڕاستیدا ناوی "ڕۆژگە"ـیە، واتە "ڕۆژگە مەرگە"، ئێستاش لە قەزای شێخان هەمووی بە ناوی "مەرگە"ـی ئێزدییەکان دەیناسن، لالش هەر مەرگەی شێخادییە، بەڵام ئەمە "مەرگەی ڕۆژگە"یە. بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بوو، سوپاسی دەکەین کە گوتی، دەبێت ئەم شوێنە هەمووی چاک بکرێت.
لەکاتی ڕێوڕەسمی کردنەوەی دووسایدی ڕێگای شێخان بۆ پەرستگای لالش بەر لە زیاتر لە مانگێک، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا هەر شوێنێکی پێویست لە دەڤەرەکە هەیە نۆژەن بکرێتەوە، بەشێوەیەکی جوان ئەم شوێنەوارە (نەهدار)ـە جارێکی دیکە دارەکانی تێدا چێندرانەوە.
