هەولێر؛ هونەرمەند ئەیام ئەکرەم خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەیام ئەکرەم هونەرمەندی بواری کۆمێدیا، لەلایەن سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بەهەماهەنگی پارێزگای هەولێر، لەهۆڵی بەڕێوەبەرایەتی هونەری شانۆی هەولێر، لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی بەهونەری کوردی کردووە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێبەخشرا.
هونەرمەند ئەیام ئەکرەم، ناسراو بە 'شەمۆ' دەربارەی مەراسیمی خەڵاتی ڕێزلێنانەکەی، بە کوردستان24ـی گوت: سوپاسی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان لقی هەولێر و پارێزگای هەولێر دەکەم، کە منیان بەسەرکردەوە و ڕێزلێنانیان پێبەخشیم، من بەدرێژایی تەمەنم لە خزمەتی هونەری کوردی بوومە و هیوادارم ژیان دەرفەتم پێبدات زیاتر خزمەت بکەم.
ئەیام ئەکرەم ئاماژەی بەوەشدا، من بیرم لای برادەرەکانمە ئەوانەی کە کۆچی دواییان کردووە، زۆر حەزم دەکرد ئەوانیش لێرە لەگەڵم بوونایە و ئەو ڕۆژەیان ببینیایە، چونکە من زۆربەی کارە هونەرییەکانم لەگەڵ ئەو برادەرانەم بووە کە پێکەوە دەیان شانۆگەری و فیلم و درامامان پێکەوە کردووە.
گوتیشی: لەساڵی 1993 بەشداری فیلمی کەوەکانی قەرەچووغم کرد، لەساڵانی دواتر لەگەڵ چەندین دەرهێنەریتر بەشداری چەند شانۆگەری و فیلم و درامام کردووە، یەکەمجار کە هاتنمە ناو هونەر، لەگەڵ نەوزاد ڕەمەزانی رەحمەتی و شێرزاد پۆلیس یەکتریمان ناسی و کاری زۆرباشمان کرد، چەندین فیلمی سیدیمان بەرهەم هێنا و دواتر بەشداری چەند فیلمێکی سینەماییم کرد.
راشیگەیاند، لەپەیمانگای هونەرەجووانەکانی موسڵ، عەرەبیم نەدەزانی ساڵی یەکەم دەرنەچووم، بەڵام دواتر لە شانۆگەرییەک باشداربووم و خەڵاتی باشترین ئەکتەرم وەرگرت، خۆشترین کاتی ژیانم کاتی پڕۆڤەکان بووە، کە دەچوومە هۆڵی گەل زۆر ئاسوودە دەبووم، هەمیشە قسەی خۆش و گاڵتەمان دەکرد.
شەمۆ ئەکتەرێکی کۆمێدیای کوردییە، ساڵی 1964 لە هەولێر لەدایکبووە، تا ئێستا لە چەندین بەرھەمی سینەمایی، شانۆیی و تەلەفزیۆنی دەرکەوتنی ھەبووە. ئەیام لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەستی بەکاری ھونەری کردووە و لە ساڵی 1988 پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی لە مووسڵ تەواوکردووە. لە ساڵی 2002، لە زنجیرەی مەمی ئالان ڕۆڵی گێڕا کە لەدەرھێنانی ناسر حەسەن بوو.
