بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک لە تەلئەڤیڤ ژمارەیەک هاووڵاتیی برینداربوون

بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێل لە تەلئەڤیڤ، چەند کەسێک برینداربوون و پۆلیسی وڵاتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لێکۆڵینەوەیان لەسەر ڕووداوەکە دەسپێکردووە.
کەناڵی 12 ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2025، ڕایگەیاند: بەهۆی تەقینەوەی ئۆتومبێلێک لە تەلئەڤیڤ، ژمارەیەک هاووڵاتیی برینداربوون، بەڵام لایەنە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە تاوەکوو ئیستا ئاماری فەرمی قوربانییان بڵاونەکردووەتەوە.
ئەو کەناڵە لەزاری پۆلیسی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی ئاگادارکراونەتەوە لە هەبوونی تەقینەوەی ئۆتومبێلێک، دەستبەجێ گەیشتووەنەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، بریندارەکان گەیاندراونەتە نەخۆشخانە و تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتووەنەتە شوێنی ڕووداوەکە.
تاوەکوو ئێستا، حەماس و هیچ گرووپێک بەرپرسیارەتی خۆیان لە ڕووداوەکە ڕانگەیاندووە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ژمارەیەک مووشەک لەکەرتی غەززەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کراوە، هەروەها دوێنێ چوارشەممە، ژمارەیەک لە یەمەنەوە ئاراستەی ئیسرائیل کران و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی برینداربوون.