پێنتاگۆن فەرمانی کۆبوونەوەیەکی دەگمەن و بەپەلەی سەدان جەنەراڵ دەدات

پێنتاگۆن بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی لە سەرانسەری جیهانەوە بانگهێشت کردووە بۆ کۆبوونەوەیەک لە ڤێرجینیا. تەنانەت گەورە جەنەراڵەکان و ستافەکانیان هۆی کۆبوونەوەکە نازانن.

پێنجشەممە، 25ـی ئەیلوول 2025، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست، بڵاوی کردەوە "وەزیری بەرگری ئەمەریکا، پیت هێگسێس، فەرمانی بە سەدان جەنەراڵ و ئەدمیراڵی سوپای وڵاتەکەی کردووە کە لە ماوەیەکی کورتدا - و بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو – هەفتەی داهاتوو لە بنکەیەکی هێزی دەریایی لە ڤێرجینیا، کۆببنەوە. هەواڵی ئەم کۆبوونەوەیە سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێی دروست کردووە، دوای ئەوەی ئەمساڵ ئیدارەی ترەمپ، ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی لە کارەکانیان دوورخستەوە."

بە وتەی زیاتر لە 12 کەسی ئاگادار لە بابەتەکە، ئەم ڕێنماییە زۆر نائاساییە بۆ نزیکەی هەموو فەرماندە باڵاکانی سوپا لە سەرانسەری جیهاندا نێردراوە. 

جووڵە ئاشکرا و سیاسییەکانی هێگسێس، هەستی نائارامیی لەنێو نەیارەکانیدا قووڵتر کردووەتەوە کە ترسیان هەیە لەوەی کە ناوبانگی وەزارەتی بەرگری وەک دامەزراوەیەکی بێلایەن لەناو ببات.

شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن، ئەمڕۆ ڕایگەیاند "هێگسێس، لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا وتارێک بۆ سەرکردە سەربازییە باڵاکانی وڵات پێشکەش دەکات." بەڵام وردەکاریی دیکەی نەخستەڕوو.

 پارنێڵ، هیچ نیگەرانییەکی ئەمنی دەرنەبڕی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆست لەسەر کۆبوونەوەکە، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە لە کوانتیکۆ، ڤێرجینیا بەڕێوە بچێت.

بە وتەی کەسانی ئاگادار لە بابەتەکە، فەرمانەکەی هێگسێس هەموو ئەفسەرە باڵاکان بە پلەی لیوا یان بەرزتر، یان هاوتاکەیان لە هێزی دەریایی، کە لە پۆستی فەرماندەییدا خزمەت دەکەن و ڕاوێژکارە باڵا سەربازەکانیان دەگرێتەوە. بە شێوەیەکی ئاسایی، هەریەک لەم ئەفسەرانە سەرپەرشتی سەدان، یان هەزاران سەرباز دەکەن.

کەسانی ئاگادار لە بابەتەکە، کە بە مەرجی ئەوەی  ناویان بڵاو نەکرێتەوە، بۆ واشنتن پۆست قسەیان کرد، چونکە دەسەڵاتی قسەکردنیان لەسەر بابەتەکە نەبوو، ئەوان گوتیان "فەرماندە باڵاکان لە ناوچەکانی جەنگ و سەرکردە سەربازییە باڵاکان کە لە سەرتاسەری ئەورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا-پاسفیک جێگیر کراون، لەنێو ئەو کەسانەدان کە چاوەڕوان دەکرێت بەشداری لە کۆبوونەوەکەی هێگسێسدا بکەن."

تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ئاخۆ ئاخۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپیش لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە دەبێت یان نا؟ 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment