کۆمپانیای فەیسبووک 120 هەزار پۆست دەسڕێتەوە

هەوڵیانداوە "رێگری لەبەردەم دەنگدان لە هەڵبژاردن" بکەن

K24 - هەولێر

کۆمپانیای فەیسبووک و ئینستاگرام 2.2 ملیۆن ریکلامیان رەتکردووەتەوە هەروەها 120 هەزار پۆستیان لەسەر ئەو دوو پلاتفۆڕمە لاداوە، چونکە هەوڵیانداوە "رێگری لەبەردەم دەنگدان لە هەڵبژاردن" بکەن.

جگە لەمانە بە گوتەی نیک گلێک، جێگری سەرۆکی فەیسبووک بۆ پەیوەندییە گشتییەکان، کە رۆژی یەکشەممە (18-10-2020) قسەی بۆ رۆژنامەی لو دیمۆنشی فەرەنسی کردووە؛ فەیسبووک و ئینستاگرام هەروەها "هۆشدارییان" لەسەر 150 ملیۆن پۆست داناوە، کە زانیاریی هەڵەیان بڵاوکردووەتەوە.

فەیسبووک ئەو رێوشوێنانەی توونکردووە بۆ ئەوەی رێگربێت لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانەی ساڵی 2016، کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا بە سەرۆکی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرا، کە فەیسبووک بەکارهات لە هەوڵدان بۆ بەهەڵەدابردنی دەنگدەران، ئەو هەوڵەش لە رووسیاوە درا.

کلێگ ئاشکرای کردووە؛ 35 هەزار کارمەندیان ئاگاداری ئەمنییەتی پلاتفۆڕمەکان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەبن.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، بەرپرسەکەی فەیسبووک دەڵێ "کۆمپانیاکەمان ئەو زیرەکییە دەستکردە بەکاردەهێنێت، کە بووەتە هۆی رەشکردنەوەی ملیاران پۆست و ئەکاونتی ساختە، تەنانەت پێش ئەوەی بکەونە بەرچاوی بەکارهێنەرانی پلاتفۆڕمەکانمان".

فەیسبووک هەروەها هەموو جۆرە ریکلام و زانیارییەک لەبارەی پارەدارکردنیان بۆ ماوەی حەوت ساڵ خەزن دەکات، بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لە ئەستۆپاکیی خۆی.

رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرزەنشتی فەیسبووک و توویتەری کرد بەهۆی ئەوەی لینکێکی رۆژنامەی نیویۆرک پۆستیان بلۆک کردبوو، کە لەو راپۆرتەدا "پەردە لەسەر گەندەڵیی جۆو بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و هەنتەری کوڕی لە ئۆکراینا لادرابوو".

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، کەمتر لە دوو هەفتەی دیکە بەڕێوەدەچێت (3-11-2020)، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هەندێک نادڵنیایی دروستکردووە.

هەر لە ئێستاوە ڤایرۆسەکە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دروستکردووە، هەریەک لە دیموکراتەکان و کۆمارییەکان هەوڵدەدەن دوورکەونەوە لە کۆکردنەوەی هەزاران لایەنگر و ئاهەنگگێڕان بۆ ئەوەی نەبنە هۆی بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکە.

روون نییە رۆژی هەڵبژاردنەکە چۆن دەبێت و، خەڵک چۆن خۆیان بەدووردەگرن لەوەی لەو تێکەڵ نەبن و کۆرۆنا نەگرن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی پێوانەیی خەڵک پێش وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لەڕێگەی پۆستەوە دەنگ بدەن، بەمەش رەنگە دەرچوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە لە شەوی هەڵبژاردن دەرنەکەوێت و، چەند رۆژێک تەنانەت هەفتەی دواتر دەربکەوێت.