63 حاڵەتی مردن و زیاتر لە 4 ھەزار تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق تۆماركران

3 ھەزار و 55 كەس بەتەواوی لەو پەتایە چاكبوونەتەوە

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی تەندرووستی حكومەتی عێراق لە رایگەیه‌ندراوی ئەمڕۆیدا ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی كاریگەری ڤایرۆسی كۆرۆنای لە سەرتاسەری عێراق بە ھەرێمی كوردستانیشەوە بڵاوكردەوە.

لە راگەیاندراوەكەدا ھاتووە، لەو ماوەی دەستنیشانكراوە، 4 ھەزار و 44 كەسی دیكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و ھاوكاتیش 3 ھەزار و 55 كەسیش بەتەواوی لەو پەتایە چاكبوونەتەوە.

ھەر لەو راگەیاندراوەدا ھاتووە: لە ماوەی شەو و رۆژی رابردوودا 63 كەس بەو پەتایە گیانیان لەدەستداوە.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە لە عێراق تاكو ئێستا 430 ھەزار و 678 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونە و لەم ژمارە 10 ھەزار 317 كەس بەھۆی ئەو پەتایە گیانیان لە دەستداوە و 363 ھەزار و 532 كەسیش بە تەواوی لەو نەخۆشییە چاكبوونەتەوە، واتە بە رێژەی 84.4%.

ژمارە ئەو تووشبووانەی ھێشتا لە نەخۆشخانەكان لە ژێر چاودێری پزیشكی دان 56 ھەزار و 829 كەسن و لەم ژمارەیەش 442 تووشبوو لە ژێر چاودێری چڕی پزیشكی دان.