پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ یادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی یادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا کارەکانی ئێزگەکە لە گواستنەوەی دەنگی شۆڕش و هەواڵەکانی نەبەردیی و داستانەکانی پێشمەرگە بە خەڵکی سەرانسەری کوردستان بەرز دەنرخێنێت.
شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، بارەگای بارزانی بۆ یادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "بە بۆنەی شەست و دووەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئێزگەی دەنگی کوردستان، جەماوەر و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی کوردستان دەکەم."
باسی لەوەش کردووە، "دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان لەو ڕۆژگارە سەخت و پڕ شانازییەدا، هەنگاوێکی گرنگ بوو لە گەیاندنی دەنگی شۆڕش و هەواڵەکانی نەبەردیی و داستانەکانی پێشمەرگە بە خەڵکی خۆڕاگری سەرانسەری کوردستان و ڕێگەیەکی سەردەمیانە بوو بۆ گەیاندنی پەیامی مەزڵوومییەتی گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بە ڕای گشتیی عێراق و ناوچەکە و جیهان."
بارەگای بارزانی دەشڵێت: "هەر لەم بۆنەیەدا، سوپاسی هەموو ئەو خەباتگێڕ و تێکۆشەرانە دەکەم کە ڕۆڵیان لە بەردەوامی و زیندوو هێشتنەوەی دەنگی دلێری ئێزگەی دەنگی کوردستاندا هەبووە. داواتان لێدەکەم بەردەوام بن لە کارکردنی میدیایی ڕاستگۆ و سەنگین و دەستگرتن بە بەها نەتەوەیی و نیشتمانی و مرۆڤانییەکان و بەردەوامی بەو نەهجە ئازاد و شۆڕشگێڕانە و دیموکراسییە بدەن کە ئەو ئێزگەیەی لە پێناودا دامەزراوە."