عراقچی: سێ وڵاتە ئەورووپییەکە پێشنیازە بنیاتنەر و واقیعییەکانی ئێرانیان قبووڵ نەکرد

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا لە نیویۆرکەوە لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئێران، دەربارەی گەڕانەوەی سزاکانی ئەنجوومەنی ئاسایش دژی ئێران، گوتی: ئێران ملکەچی خواستە نەگونجاوەکان نابێت.
شەممە، 27ـی ئەیلوول 2025، ئێوارەی ئەمڕۆ، عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئێران، گوتی: من ناڵێم بە سەپاندنەوەی سزاکان هیچ زیانێکمان پێ ناگات؛ بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا دەکرێت زیانی هەبێت، هەرچەندە ڕێژەکەی کەمترە. بەڵام ئەوان هەوڵیان دا ئەم پرسە زۆر گەورەتر لەوەی کە هەیە نیشان بدەن و دێوەزمەیەکی لێ دروست بکەن تا خەڵکی ئێران تووشی ترس بکەن و لە ئەنجامدا حکوومەت ناچاری ملکەچیی خواستەکانی ئەوان ببێت."
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دیپلۆماسییەکی چڕوپڕمان لەگەڵ هەموو وڵاتان پەیڕەو کرد
وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتیشی: بێگومان ڕێڕەوی سیاسی و یاسایی بۆ چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، لە ساڵانێک پێش ئێستاوە دەست پێ کردبوو. ڕاوێژەکانمان لەگەڵ چین و ڕووسیا، چەندین ساڵە لەم بارەیەوە بەردەوامە و لە هەفتەکانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی چڕوپڕتر بەدواداچوونی بۆ کرا. لەم چوارچێوەیەدا، چەندین نامەم ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد. هەروەها نامەیەکی هاوبەش بە واژۆی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، چین و ڕووسیا ئامادە کرا و نێردرا. شانبەشانی ئەم هەنگاوانە، هەوڵی سیاسی و یاسایی بەرفراوان درا و لە ڕۆژانی کۆتاییشدا دیپلۆماسییەکی چڕوپڕمان لەگەڵ هەموو وڵاتان پەیڕەو کرد."
پێشنیازەکانی ئێران هەموویان لەسەر بنەمای چارەسەرێکی دادپەروەرانە و لۆجیکی بوون
عەباس عراقچی، جەختی کردەوە لەوەی "ئێمە پێشنیازی جۆراوجۆرمان پێشکەش کرد. ئەم پێشنیازانە بەگوێرەی ڕەوتی دانوستانەکان نوێ دەکرانەوە و هەموویان لەسەر بنەمای چارەسەرێکی دادپەروەرانە و لۆجیکی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، بەداخەوە هەموو ئەم پێشنیازانە لەلایەن ئەو سێ وڵاتەوە ڕەت کرانەوە."
لایەنی بەرانبەر بڕیاری دابوو پێشنیازە بنیاتنەرەکانی ئێران قبوڵ نەکات
وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتیشی: بۆ ئێمە بە تەواوی ئاشکرا بوو کە ئامانجی سەرەکیی ئەوان، باج وەرگرتن و ئیمتیاز سەندنە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەوان چاوەڕێیان دەکرد ئێران واز لە هەموو ماددە ئەتۆمییەکانی بهێنێت، یان ڕادەستیان بکات و لە بەرانبەردا، تەنها بۆ ماوەی 3 یان 6 مانگ هەڵپەساردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان درێژ بکرێتەوە. ئەمە لووتکەی زیادەخوازی و نالۆجیکیترین ڕەفتار بوو. ئێمە بەهێزەوە لە بەرانبەر هەموو ئەم داواکاری و فشارانەدا کە تا دوا سات بەردەوام بوون، وەستاینەوە.
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە دەیانویست بە بەکارهێنانی ئەم کارتە، ناچارمان بکەن ملکەچی ئەو مەرجە نەگونجاوەیان ببین، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئێمە هەرگیز نەچووینە ژێر باری ئەو مەرجانە و ناشچین. لە بەرانبەردا، پێشنیازی بنیاتنەر و واقیعییانەمان خستە سەر مێز، بەڵام لایەنی بەرانبەر پێشتر بڕیاری دابوو قبووڵیان نەکات."
ئەنجوومەنی ئاسایش سەبارەت بە میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان کۆدەنگ نییە
عراقچی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بە پێویستی دەزانم ڕوونی بکەمەوە کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا هیچ کۆدەنگییەک سەبارەت بەم بابەتە دروست نەبووە. لەنێو پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، دوو ئەندام بە تەواوی دژی ئەم هەنگاوەن و کاراکردنی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان بە نایاسایی دەزانن و پێیانوایە ئەو هەنگاوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. دوو ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، هەمان هەڵوێستیان هەیە. لە هەمان کاتدا، دوو ئەندامی تر دەنگیان نەدا. بۆیە بە تەواوی ڕوونە لە ئەنجوومەنی ئاسایشدا هیچ کۆدەنگییەک بۆ قبووڵکردنی ئەم هەنگاوە نییە.
ئێمە بەدوای ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگدا دەگەڕێین
وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: لەمەودوا، ئێمە درێژە بە خەباتی یاسایی خۆمان لەناو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەدەین. هەڵوێستی سیاسیی ئێمەش ڕوونە کە بەدوای ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگدا دەگەڕێین. لە ئاشتیخوازانەبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەمان هیچ گومانێکمان نییە و بۆ متمانە دروستکردن لەم بارەیەوە ئامادەییمان هەیە، بەڵام بە مەرجێک ئیمتیازی گونجاومان بدرێتێ و لە کۆتایشدا ڕێز لە مافی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم بگیرێت.