لووتکەی مەنامە؛ نوێکردنەوەی ناکۆکییە مێژووییەکانی وڵاتانی کەنداو و ئێران
کۆبوونەوەی لووتکەی ئەنجوومەنی هاوکاریی کەنداو، دوێنێ، چوارشەممە بە بەشداریی وڵاتانی ئەندام، لە مەنامە بەڕێوەچوو، لە ڕاگەیاندنی کۆتاییدا، جارێکی دیکە جەخت لە خاوەندارییەتی سێ دوورگەکەی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبووموسا دووپات کرایەوە.
پێنجشەممە، 4ـی کانوونی یەکەم 2025، ئاژانسی هەواڵی 'فارس' بڵاوی کردەوە "ئێوارەی دوێنێ، چوارشەممە، دەقی تەواوی بەیاننامەی کۆتایی چل و شەشەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، کە لە مەنامە بەڕێوەچوو، بڵاوکرایەوە. لە بەشێک لە بەیاننامەکەدا، ئەنجوومەنەکە، جارێکی دیکە بانگەشەکانی پێشووی خۆی سەبارەت بە سێ دوورگەی ئێرانی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبووموسا دووپات کردووەتەوە و بانگەشەی کردووە کە ئەم دوورگانە بەشێکن لە خاکی ئیمارات."
بەیاننامەکە، هەروەها هەر جۆرە هەنگاوێکی ئێرانی لەو دوورگانەدا، وەک چالاکی ئاوەدانکردنەوە، ئامادەبوونی بەرپرسانی فەرمی و جێگیرکردنی سەربازی، بە 'پووچەڵ و دژ بە یاسا نێودەوڵەتییەکان' ناوبردووە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، جارێکی دیکە سەبارەت بە کێڵگەی گازی ئارەش (ئەلدوڕڕە) ڕایگەیاندووە "خاوەندارێتیی تەواوی ئەم کێڵگەیە هی عەرەبستانی سعوودی و کوێتە و هیچ لایەنێکی دیکە مافی تێدا نییە."
ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدا دووپات دەکرێنەوە کە تاران پێشتر ئەم جۆرە بانگەشانەی ڕەت کردووەتەوە و سێ دوورگەکەی بە "بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی ئێران" زانیوە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پێشتر، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بەیاننامە هاوشێوەکانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، ڕایگەیاندبوو "کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چوارچێوەی مافە سەروەرییەکانی خۆیدا، هەر هەنگاوێکی پێویست بۆ دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات لەم دوورگانە و ناوچەکانی دەوروبەریدا دەگرێتەبەر."
ئێران، هەروەها چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە بانگەشەی تاکلایەنە سەبارەت بە خاوەندارێتیی تەواوی کێڵگەی ئارەش "مافێکی یاسایی دروست" ناکات. تاران هەمیشە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کێشەی کێڵگەی ئارەش، بابەتێکی تەکنیکی و یاساییە و ئێران لەسەر بنەمای مافە مێژووییەکانی خۆی و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، مافی هەیە لەم کێڵگە سێ لایەنەیەدا ئامادە بێت
ئێران، پێشتر، داوای لە کوێت کردبوو کە لەبری بانگەشەی تاکلایەنە، بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان تا لە ڕێگەی گفتوگۆی تەکنیکی و یاساییەوە کێشەکە چارە بکرێت.
