ئێران.. گرانیی لەڕادەبەدەری گۆشت مەترسیی لەسەر پیشەی ئاژەڵداری و قەسابی دروست کردووە

بەهۆی گرانی نرخی گۆشتەوە خەڵکی ئێران توانایی کڕینی ئەو ماددە خۆراکییەیان نەماوە و بازاڕی گۆشت لاواز بووە، ئەوەش زیانی بە ئاژەڵداران و فرۆشیارانی گۆشت گەیاندووە؛ بەشێک لە گۆشتفرۆشەکان پیشەی خۆیان گۆڕێوە و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان دەستیان بە کاری دیکە کردووە.

ئۆمێد یووسفی، گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و سەرباری ئەوەی حەوت ساڵ بوو کاری گۆشتفرۆشیی دەکرد، ئێستا وازی لە کارەکەی پێشووی هێناوە و تایەی ئۆتۆمبیل دەفرۆشێت.

ئومێد، بە کوردستان 24ـی گوت: ئەگەر جاران بە دوو ڕۆژ گوێرەکەیەکی 140 کیلۆییم فرۆشتبا، لەم دواییانەدا وای لێ هاتبوو ئەم گوێرەکەیە بە حەفتەیەک بگرە بە 10 ڕۆژیش نەدەفرۆشا، بەم هۆیەشەوە گۆشتەکە ڕەش دەبوو و کێشی دادەبەزی و ناچار دەبووم هەرزانفرۆشی بکەم و لەم نێوانەدا زیانی گەورەم بەردەکەوت.

کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵی، لە کۆنەوە وەکوو سەرەکیترین سەرچاوەی داهاتی ئابووریی کوردستان ئەژمار دەکرا و خەڵک پێی دەژیان؛ هەر کەسێک ئاژەڵدار بووایە، پێیان دەگوت دەوڵەتدار، بەڵام ئێستا بەهۆی گرانبوونی نرخی ئالیک و خۆراکی ئاژەڵان و لە لایەکیش کەمبوونی ئاو و ئاستەنگاکانی بەردەم بەخێوکردنی ئاژەڵ، مەترسیی لەناوچوونی پیشەی ئاژەڵداری لە ناوچەکە زیاد دەکات.

مەجید یووسفی، ئاژەڵدار، دەڵێت: کیلۆیەک وینجە بە 25 هەزار تومەنە، بەڵام کیلۆیەک شیر بە 20 هەزار تومەنە! ئێستا سەرباری ژیانی سەختی ئاژەڵداران و شوانکارەکان وەک ترسی دڕندە و سەرما و گەرما و  ماندوویەتی، وشکەساڵی و کەملەوەڕیش هێندەی تر دۆخەکەی خراپ کردووە.

نرخی کیلۆیەک گۆشتی سوور لە ئێران، گەیشتووەتە زیاتر لە یەک ملیۆن تومەن، ئەوەش وا دەکات خەڵک توانایی کرینی گۆشتی نەمێنێت، بەپێی دوایین داتای ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی بەکارهێنانی گۆشت لەو وڵاتە 50٪ کەمیی کردووە و خەڵک ناچارن وەک جێگرەوە، دانەوێڵە و پاقلەمەنییەکان بخۆن.