"تیرۆرستێک" لەکاتی چاندنی بۆمبێک لە کەرکووک کوژرا
"ویستی خۆی بە هێزە ئەمنییەکاندا بتەقێنێتەوە"
K24 - هەولێر
پۆلیسی فیدراڵی رایگەیاند "تیرۆرستێکمان کوشت، لەکاتێکدا خەریکی چاندنی بۆمب بوو".
نووسینگەی راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 20-10-2020) رایگەیاند "هێزێکی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی توانی ئەو تیرۆرستە بکوژێت، کە خەریکی چاندنی بۆمب بوو لەو رێگەیەی پارێزگای کەرکووک و سەڵاحەدین بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە نزیک گوندی مەهدیە لە سنووری ناحیەی رەشاد".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاشکرا کراوە "ئۆپەراسیۆنەکە کاتێک ئەنجامدرا، کە ئەو تیرۆرستە هەوڵی دەدا کاروانی فەرماندەی فیرقەکە بکاتە ئامانج، لەکاتێکدا ئەو کەرتەکانی بەسەردەکردەوە، بەڵام تیرۆستەکە دەوری درا، هەرچەندە هەوڵی دا خۆی بە هێزەکەدا بتەقێنێتەوە، کەچی پێش ئەوەی ئەوە بکات، کوژرا".

هـ.ر.