وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ عێراق: بەزوویی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کۆنترۆڵ بکەن

"پێویسته‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م هێرشانە‌ بدرێنه‌ دادگا"

K24 - هەولێر

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا به ‌تووندی ئیدانه‌ی رفاندن و كوشتنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ ده‌كات، كه‌ له‌لایه‌ن میلیشیاكانه‌وه‌ له‌ پارێزگای سه‌لاحه‌دین كوژران و دەشڵێ "میلیشیاکانی سەر بە ئێران، عێراق بەرەو تووندوتیژیی تائیفی و ئایینی دەبەن".

لە راگەیەندراوێکدا دوێنێ (دووشەممە، 19-10-2020) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: رووداوی كوشتنی ئه‌و هاووڵاتییانه‌ و هێرشكردنه‌ سه‌ر لقی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ربه‌ ئێران، له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكدا روویانداوه".

ئەمەریکا داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كات "هەوڵبدات بەزوویی كۆنترۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بکات، کە لەدەرەوەی یاسا هێرشدەکەنە سەر کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز، چالاکوانان، بارەگاکانی حیزبەکان و دیپلۆماتكاران".

له‌ بەشێکی دیکەی راگه‌یەندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا باس لەوە کراوە: "پێویسته‌ ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م هێرشانە‌ بدرێنه‌ دادگا. كاره‌كانی ئه‌و گرووپانه‌ رێگری ده‌كه‌ن له‌وەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی عێراق بکات و عێراق به‌ره‌و ناسه‌قامگیری و توندوتیژی تائیفی ده‌به‌ن".

ئه‌مريكا داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كات به‌رپرسانه بەیەکەوە‌ كاربكه‌ن بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر تەحەدییە ئابووری و ئه‌منییه‌كان و په‌تای كۆرۆنا.

سێ رۆژ بەر لە ئێستا، لە (17-10-2020)، لە ناوچەی فەرحاتیەی قەزای بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین، 12 کەس رفێندران. بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، دوای گەڕان هێزە ئەمنییەکان تەرمی هەشت کەسیان دۆزینەوە کە لەنێوانیاندا سێیان مێرمنداڵ بوون و تەمەنیان نزیکەی 12 ساڵە، یەکێکیان تەمەنی سەرووی 70 ساڵە، دوو بۆ سێ کەسیشیان سەر بە حەشدی عەشائیرین.

هەتاوەکو ئێستا کەس نازانێ چوار کەسەکەی دیکە ماون یان ئەوانیش کوژراون، کەسوکاری قوربانییەکان لیوای 42ـی عەسائیبی ئەهلولحەق تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی ئەو تاوانە.

هەر لە هەمان رۆژدا و لە بەیانیی 17ـی 10، بارەگای لقی پێنجی پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبییەوە سووتێنرا، ئەوانەی چوونە نێو بارەگاکە هەر بەوەندە نەوەستان، بەڵکو ئاڵای کوردستان و پارتیشیان سووتاند، ئەم رووداوەش کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

هـ.ر.