زێلێنسکی پێشوازی لە گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەکات

سەرۆکی ئۆکرانیا پێشوازی لە گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران دەکات و ڕایگەیاند، پێویستە ئەمە ببێتە یاسا، هەر لایەنێک ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تێکبدات دەبێت دەستبەجێ سزا بدرێت.
یەکشەممە 28ـی ئەیلوولی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، پێشوازی لە بڕیارە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان سەر ئێران دەکات و ئاماژە داوە، تاران ماوەیەکی زۆرە بانگەوازەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگوێ خستووە و سیستەمی ئەتۆمی تێکداوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لەوەش کردووە، "پێویستە ئەمە ببێتە یاسایەکی جیهانی، هەرکاتێک لایەنێک ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی تێکبدات یان ببێتە هەڕەشە، دەبێت دەستبەجێ سزای توند بسەپێنرێت.
زێلێنسکی ئەوەشی خسووەتەڕوو، "ڕووسیا وێستگەی وزەی ئەتۆمی ئۆکرانیای بە کەرەستە ئەتۆمییەکانییەوە دەستبەسەردا گرتووە و وێستگەی زاپۆریژیای کردووەتە هەڕەشەیەکی ئەتۆمی جیهانی."
دەشڵێت: "فشارێکی بەهێزی نێودەوڵەتی و گشتگیر هاوتەریب لەگەڵ سزا بۆ سەر کەرتی ئەتۆمی ڕووسیا پێویستن، بۆ ئەوەی سیستەمی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بەهێز ببێتەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەی دا، کاتژمێر 3:30 بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی ئەیلوولی 2025، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرایەوە.
پێشتر ڕووسیا بە هاوبەشی لەگەڵ چین پرۆژەیەکیان بۆ دواخستنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ شەش مانگی دیکە پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کردووە، بەڵام بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەکە پەسەند نەکرا.