کاراکردنەوەی سزاکان خەڵکی ئێرانی نیگەران کردووە

کاراکردنی میکانیزمی گەڕاندنەوەی سزاکانی سەر ئێران، خەڵکی ئەو وڵاتەی تووشی نیگەرانییەکی قووڵ کردووە، لەگەڵ کاتژمێری یەکەمی بڕیار جێبەجێکردنی سەپاندنەوەی بەشێک لە سزاکان، نرخی کەلوپەل، بە تایبەتیش خۆراک لە سەرتاسەری ئێران بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەرز بووەوە، هاوکات بەهای دراوی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هاڕەی کرد.
ئاژانسی فرانس پرێس لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیدا، لێدوانی لە ژمارەیەک هاووڵاتی، توێژەر، نووسەر و خاوەن کار لەبارەی سەختی ژیان وەرگرتووە، هێلیا، دیزاینەرێکی گرافیکە لە تاران، ئەو لە کاتی کارکردن لەسەر پڕۆژەیەکی ڕیکلامیدا بە ئاژانسەکەی گوت: "تەنانەت پێش بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە گۆشتەوە تا تاکسی لە بەرزبوونەوەدا بوون؛ دەشڵێت: ژیان ئێستا زۆر قورستر بووە."
لای خۆیەوە حکوومەتی ئێران دووپاتی کردووەتەوە، سەپاندنەوەی سزاکانی بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە "ناڕەوان"، ئەمەش دوای شکستهێنانی هەوڵێکی دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا دێت.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، دوای ئەوەی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا میکانیزمی "سناپباک"یان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015دا کاراکرد، مامەڵە پەیوەندیدارەکان بە چالاکییە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستییەکانی ئێران قەدەغە دەکەن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی تاران داوای لە وڵاتانی دیکە کرد ئەو سزایانە جێبەجێ نەکەن و بەڵێنی دا "بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بکات."
نەسیم کۆمپانی، توێژەرێکی ئێرانی لەبارەی سناپباکەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتی: ژیانمان بە تەواوی وێران دەبێت، ڕەنگە خەڵکی ئاسایی نەتوانن بەو شێوەیەی ئێستا بژین.". هەروەها مێهرشاد، خوێندکارێکی ئەو وڵاتەیە باسی لەوە کرد، ئێران دوای ئەم هەنگاوە "لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە گۆشەگیر دەبێت."
مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو، مۆڵەتێکی کورتیان داوە؛ سەرۆکی ئێران ئەو پێشنیازە بە "قبووڵنەکراو" ناوبرد.
هاوکات، فەرید مورادی، نووسەرێکی ئێران ڕەخنەی لە سیاسەتی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ خۆبەدوورگرتن لە سازش و ڕێگەچارەی دیپلۆماسی گرت و بە ئاژانسە فەرەنسییەکەی گوت: "دەبوو حکوومەت لە گفتوگۆکان بەردەوام بووایە، تەنانەت لە هەندێک خاڵدا، دەبووایە سازشی بکردایە و هەوڵی بەدەستهێنانی هەندێک دەستکەوتی دیکە لە بەرانبەر دابا."
ئەو نووسەرە باسی لەوەش کردووە، حکوومەت سیاسەتی خۆی گرتووەتەبەر، پێیان وایە کە ڕاستن، بەڵام هاووڵاتییان بەبێ تاوان دەبنە قوربانی.
مورادی گوتیشی: کیلۆیەک گۆشت ئێستا 10 ملیۆن تمەنە (نزیکەی 10 دۆلار)، کە بۆ هاووڵاتییان ئەمە نرخێکی بەرزە دەشڵێت: "خێزانێک چۆن دەتوانێت بەو شێوەیە بژیت؟"
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەپێی وێبسایتەکانی چاودێریکردنی دراو، نرخی تمەن لە بازاڕی ڕەشدا نزیکەی ملیۆنێک و 120 هەزار بەرانبەر 100 دۆلاری ئەمەریکی بوو.
وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەی دا، کاتژمێر 3:30 بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی ئەیلوولی 2025، سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران کارا کرایەوە